وەزیری دەرەوەی فەرەنسا: كاردەكەین بۆ رێككەوتنی نێوان توركیاو كوردانی سوریا
  2024-12-18       215       

ژان نوێل، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، پێویستە پارێزگاری لە هاوبەشە كوردەكانمان لە سوریا بكەین و گەرەنتی مافەكانیان بكرێت. دەشڵێت، فەرەنسا كاردەكات بۆ رێككەوتنێك لەنێوان توركیا و كوردانی سوریا بەشێوەیەك كە لە بەرژەوەندی هەردولادا بێت.

ئاوێنە: ژان نوێل، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە وتەیەكدا لە پەرلەمانی وڵاتەكەی وتی، فەرەنسا لە مانگی داهاتودا میوانداری كۆبونەوەیەك لەبارەی سوریا دەكات بە بەشداری هاوبەشەكانمان لە عەرەب و تورك و وڵاتانی رۆژئاوا.

وتیشی، دەبێت پارێزگارری لە هاوبەشە كوردەكانمان لە باكوری رۆژئاوای سوریا بكەین و مافەكانیان پارێزراو بن.

جەختیشی كردەوە كە كوردەكانی سوریا، فاكتەرێكی زۆر گرنگ بۆ شەڕی دژ بە داعش.

ئەوەشی خستەڕو، پاریس كار دەكات بۆ ئەوەی رێككەوتنێك لەنێوان توركیاو كوردانی سوریا بكرێت بەشێوەیەك كە لە بەرژەوەندی هەردولادا بێت.

وتیشی، "ماکرۆن بە ئەردۆغانی وت، پێویستە کوردانی سوریا ئاوێتەی پرۆسەی سیاسیی سوریا بکرێن".

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هەروەها جەختیشی كردەوە كە "مەرجە دەستبەجێ شەڕ لە منبج و کۆبانێ بوەستێت."

لەبەشێكی دیكەی قسەكاندیدا ژان نوێل وتی، لابردنی سزاكان لەسەر سوریاو پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەو وڵاتە، دەوەستێتە سەر پابەندییە سیاسی و ئەمنییە رونەكانی ئیدارەی نوێی دیمەشق.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×