ئیلھام ئەحمەد، ھاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوبەری رۆژئاڤا بەئاوێنەی راگەیاند پێویستە سوریای نوێ جێی ھەموو پێکھاتەکانح تێدا بێتەوە، ئەو دەڵێت "تورکیاو ئەو گروپە چەکدارانەی لەژێر فەرمانیدان لەسوریا، گەورەترین مەترسین لەسەر رۆژئاوای کوردستان".
ئاوێنە، بەلجیکا: ئەمڕۆ لەبرۆکسلی پایتەختی وڵاتی بەلجیکا، بەئامادەبوونی ئیلھام ئەحمەد، نوێنەرایەتی خۆبەڕێوبەری باکوورو رۆژھەڵاتی سوریا، گفتوگۆیەکی تایبەت بەدۆخی ئێستای رۆژئاڤای کوردستان وسوریا لەگەڵ ژمارەیەک پارتو کەسایەتی کورد ئەنجامدرا.
زیاتر لە ٧٠ نوێنەری پارتی سیاسیو کەسایەتی سەربەخۆو ئەکادیمی رۆژئاوای کوردستانو کورد، لەئۆفیسی نوێنەرایەتی خۆبەڕێوبەری باکورو رۆژھەڵاتی سوریا کۆبوونەوەو لەبارەی ئاڵنگارییەکانی بەردەم رۆژئاڤای کوردستانو پێکھێنانی حکومەتی نوێی سوریا گفتوگۆ کرا، لەگەڵ مەترسییەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستانو بەکارهێنانی گروپە چەکدارەکانی سوریا.
ئیلھام ئەحمەد، ھاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوبەری، سەبارەت بەخواستی ئیدارەی خۆسەری لەرۆژئاڤا بۆ قۆناغی دوای کەوتنی رژێمی بەعسی سوری، بەئاوێنەی ڕاگەیاند "سوریای نوێ پێویستە لەسوریای بەشار ئەسەد جیاواز بێتو ھەموو پێکھاتەکانی تێدا بێتو شوێنیان ببێتەوە، تا بتوانن بەیەکەوە بەبێ کێشە بژین".
ھاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوبەری، رەخنەی لەسیاسەتی رووماڵکردنی بەشێک لەکەناڵە راگەیاندنەکانی کوردستانو دەرەوە گرت بەوەی زانیارییەکان دەشێوێننو بەشێک لەھێزەکانو فەرماندەکانیان دەکەن بەپاڵەوان، لەکاتێکدا ئەو ھێزانە لەھەرێمی عەلەوییەکان دەستیان کردووە بەتۆڵەکردنەوە لەبەعسییەکان، ئەو وتی "روسیا لەتورتوس ماوەو لەناوچەکانی دیکە پێگەکانی چۆڵکردووە".
وتیشی "بە بەردەوامی لەگەڵ ئەمریکیەکان لەپەیوەندیو گفتوگۆداین، بەبۆچوونی ئێمە دوای گۆڕینی ئیدارەی ئێستای ئەمەریکاو هاتنی ترامپ، ئەمریکا ئێران بەئامانج دەگرێت".
لە ماوەی بەڕێوەچوونی گفتوگۆکەدا، بەشداربوان کە لەوڵاتی جیاجیاوە بانگھێشتکرابوون، لەرێگای پێشنیارو ھەڵسەنگاندنی دۆخی سوریاو مەترسییەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤا، نامەیەکیان ئامدەکردو بۆ رای گشتیو ھێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیان بڵاوکردەوە.