ئاوێنە: وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راگەیەنراوێکی لەبارەی کۆتاییهاتنی پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لە عێراق و هەرێم بڵاوکردەوە تێیدا رایگەیاندووە "سەرەرای بوونی ئاستەنگی دارایی، تەکنیکی و هونەری، کەمی کات بۆ ئامادەکاری و جێبەجێکردنی پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لە هەرێم و ناوچە کورستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، دواجار توانرا ئەم پرۆسە گەورە و گرنگە بە باشترین شێوە بەڕێوەبچێت".
دەقی راگەیەنراوەکە...
ئەمشەو کاتژمێر ۱۲ کۆتایی بە پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان و ئاڤاهییا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دێت .
سەرەرای بوونی ئاستەنگی دارایی، تەکنیکی و هونەری، کەمی کات لەبەردەممان، بۆ ئامادەکاری و جێبەجێکردنی پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لە هەرێم و ناوچە کورستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، دواجار توانرا ئەم پرۆسە گەورە و گرنگە بە باشترین شێوە بەڕێوەبچێت، ئەویش بە پاڵپشتی و پشتگیری بەڕێزان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرە بەڕێزەکان و دامودەزگاکانی تر لە حکومەتی هەرێم، هەروەها سوپاسی هەوڵ وماندووبوونی سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و سەرجەم فەرمانبەرانی ئەو دەستەیە دەکەین.
هەر بەم بۆنەیەوە، بە پێویستی دەزانین سوپاسی فەخامەتی سەرۆک کۆماری عێراق و جێگری سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرە بەڕێزەکان و فراکسیۆنە کوردستانیەکان بکەین کە هاوکارو پشتیوان بوون لە میانەی گفتوگۆکانمان لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەکە لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە جێبەجێکردن و بە بەستنەوەی بە ئەنجامی سەرژمێری ١٩٥٧ کە بنەمای سەرەکی رێکەوتن بوو لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری.
جێگەی خۆیەتی ئاماژە بە ڕۆڵ و کاریگەری مامۆستایانی پەروەردە و گەنجانی بژمێر بکەین کە جێدەستیان دیاربوو لە سەرخستنی پرۆسەکە.
سوپاسی لیژنەی باڵا و ژووری عەمەلیاتی سەرژمێری لە پارێزگاکان وئیدارەکان دەکەین بۆ پێشکەشکردنی ئاسانکاری و پاڵپشتیکردنی پرۆسەکە تاکو گەیشتین بە ئەنجام.
سوپاس و پێزانینی زۆرمان بۆ ڕۆڵی میدیاکاران و کەناڵەکانی راگەیاندن هەیە، کە لەسەرەتایی پرۆسەکەوە هاوکار و پشتیوانی ئێمە بوون لە هۆشیارکردنەوە و گەیاندنی زانیاری بە هاووڵاتیانمان.
لە کۆتایدا، سوپاسی بێ پایانمان هەیە بۆ تەواوی فەرمانبەران لە دەستەی ئامار و بەڕێوەبەرایەتییەکان لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان کە ماندونەناسانە شەو و رۆژیان خستەسەر یەک و زاڵ بوون بەسەر ئاستەنگەکان وتوانییان نموونەی جوانی کاری بە تیم و ڕۆحیەتی نیشتیمان پەروەرانە کارەکان ئەنجامبدەن.
وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
۱٤ـ۱۲ـ۲۰۲٤