بەلەمێكی كۆچبەران لە كەناراوەكانی دورگەی "گاڤدۆس"ی یۆنان ژێر ئاو كەوت و دەیان پەنابەری نێو بەلەمەكە بێسەروشوێنن. پاسەوانی كەناراوەكانی یۆنان دەڵێت، تا ئێستا تەرمی پیاوێكی نێو بەلەمە دۆزراوەتەوەو 39 كۆچبەریش رزگاركراون.
ئاوێنە: بەپێی میدیاكانی یۆنان تیمە فریاگوزارییەكانی وڵاتەكە لە دوێنێ شەوەوە پرۆسەی گەڕانیان دەستپێكردوە بۆ رزگاركردنی كۆچبەران لە كەناراوەكانی باشوری شاری خانیا، لە دوری 12.5 میل لە باشوری خۆرئاوای دورگەی گاڤدۆس.
ئەوەش خراوەتەڕو، بۆ یارمەتیدانی تیمەكانی فریاگوزاری، دەسەڵاتدارانی یۆنان دو كەشتی و بەلەكانی هێزی پاسەوانی كەناراوەكان و فڕۆكەی هەلیكۆپتەریی هێزە ئاسمانیی و دەریاییەكانیان ناردوەتە ناوچەكە.
پاسەوانی كەناراوەكانی یۆنان رایگەیاندوە، تاوەكو ئێستا توانیویانە تەرمی پیاوێك بدۆزنەوە و زیاتر لە 39 كەسیش رزگاربكەن، بەڵام بەپێی قسەی شایەتحاڵەكان هێشتتا دەیان كەسی دیكەی نێو بەلەمەكە بێسەروشوێنن و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە.