ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند، رۆڵی هەسەدە بۆ رێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش گرنگەو ئەوان لەو روەوە پشتیوانی لە هەسەدە دەكەن و لە سەردانەكەشیدا بۆ توركیا ئەو بابەتە لەگەڵ ئەردۆغان باس دەكات.
ئاوێنە: ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەدوای كۆبونەوەی لەگەڵ شای ئوردن و بەرپرسانی ئەو وڵاتە، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان وتی، پێویستە حکومەتی راگوزەری سووریا "تائیفی نەبێت" و مافەكانی مرۆڤ و مافی ژنان و پێكهاتە ئایینی و ئەتنییەكان بپارێزێت و نەشبێتە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوس.
هەروەها وتیشی"داعش بۆ گەڕانەوە بەدوای دەرفەتدا دەگەڕێت و ئەمریکا لە رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش بەردەوام دەبێت."
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كە بڕیارە لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ وڵاتانی ناوچەكە، سەردانی توركیاش بكات، لەبارەی هێرشی گروپەكانی سەر بە توركیا بۆ سەر هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە وتی، "توركیا بەرژەوەندی رون و واقیعی هەن بەتایبەت كاتێك بابەتەكە پەیوەست دەبێت بە پەكەكە و تیرۆرەوە كە هەڕەشەیەكی بەردەوامن بۆ توركیا. هاوكات ئێمە دەمانەوێت سوریا بەدور بێت لە هەر پڕیشكێكی دیكەی شەڕ لە كاتی قۆناغی راگوزرەداو وەك بەشێك لەمەش پێویستە دڵنیابین كە داعش جارێكی تر سەرهەڵناداتەوە، هێزەكانی سوریای دیموكراتیش ئەم دڵنیاییەن كە ئێمە پشتیوانیان دەكەین."
هەروەها وتیشی"هەسەدە رۆڵێكی یەكلاكەرەوەی گێڕاوە بۆ كۆنترۆڵكردنی داعش، هەروەها رۆڵێكی یەكلاكەرەوەشیان هەبوە لە پاراستنی زیندانەكان كە هەزاران چەكداری بیانی داعش ماوەی چەند ساڵێك لای ئەوان زیندانین و توانیویانە بەدوریان بگرن لە گۆڕەپانی شەڕ و هەروەها رێگە نەدەن جارێكی تر پەیوەندی بە داعشەوە بكەنەوە كە ئەمەش بابەتێكی زۆر گرنگە."
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وتیشی، ئەمەش یەكێك لەو بابەتانە دەبێت كە لەگەڵ ئەردۆغان باسی دەكەین. بەڵام سەرجەم ئەم گفتوگۆیانە بۆ ئەوەن كە هەمو وڵاتانی ناوچەكە پێكەوە لەگەڵ وڵاتانی دیكەی جیهانیش هەوڵێكی یەكخراویان هەبێت بۆ پشتیوانیكردن لە خەڵكی سوریا لە قۆناغی راگوزەردا.