2024-12-12   147     
ھیومان ڕایتس ئۆچ ئەمڕۆ ڕایگەیاند، ڕووخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد لەلایەن گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە دەرفەتێکی گەورەی بۆ سوریا ڕەخساند تا لەگەڵ چەوسانەوەی دەیان ساڵەدا بپچڕێتو لاپەڕەی نوێ لەرێزگرتن لەمافی مرۆڤ دەستپێبکاتو داوا لەدەسەڵاتی ئینتیقالی دەکات مافی مرۆڤ پێشێل نەکات.
ئاوێنە: لما فەقیە، بەڕێوەبەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەڕێکخراوی ھیومان ڕایتس وۆچ رایگەیاند "گەلی سوریا بەرگەی زیاتر لەدە ساڵ لەستەم و ململانێی دڕندانەی گرتووە، ئەمە ساتێکی گرنگە بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو قۆناغە ترسناکەی رابردوو، بۆ بنیاتنانەوەی متمانەو دانانی بناغە بۆ کۆمەڵگایەک کە ھەموو کەسێک بەکەرامەتەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، هەموو سورییەکان بەبێ گوێدانە پاشخانی نەتەوەیی یان تائیفی یان پەیوەندی سیاسییان مافیان پارێزراو بێت.
راشیگەیاند "زیاتر لە ٥٠ ساڵە دەسەڵاتی حزبی بەعس لەسوریا تۆمارێکی ترسناکی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤی کەڵەکە کردووە. حکومەتی سوریا بە سەرۆکایەتی بەشار ئەسەد لە ماوەی ٢٤ ساڵەی سەرۆکایەتیی سوریادا دڕندەیی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و پێشێلکارییەکانی دیکەی بێشوماری ئەنجامدا، وەک ئەشکەنجەدان، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، بەکارھێنانی چەکی کیمیایی، برسێتی وەک چەکی جەنگ، بەئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی، ئیتر لەمەودوا گروپە چەکدارە نادەوڵەتیەکان، لەوانە هەیئەی تەحریری شام و سوپای نیشتمانی سوریا بەرپرسیارن لەپێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و تاوانەکانی جەنگ".
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە سەرکردایەتی نوێی سوریا دەرفەتێکی بێ وێنەی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی نموونەیەک لەمافەکانی مرۆڤ پێشکەش بکات، لەوانەش بە پاراستنی مافە سەرەتاییەکان لەدەستوورێکی نوێداو کۆمەڵێک میکانیزم و پەیماننامە سەبارەت بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ پەسەند بکەن و بیخەنە بواری جێبەجێکردنەوە کە حکومەتی ئەسەد پەسەندی نەکردووە".
ھیومان ڕایتس وۆچ پێشنیاری ھەنگاوی بەپەلە دەکات بۆ ھەموو دەسەڵاتدارانی کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکانی سوری، لەوانە دەستبەجێ چاودێرانی سەربەخۆ بانگھێشت بکەن بۆ سوریا، ھاوکاری تەواویان لەگەڵ بکەن، پاراستنی خەڵکی مەدەنی و کەمینەکان و میراتی کولتووری، پاراستنی خەڵکی مەدەنی لە توندوتیژی و دەستەبەرکردنی مافی ژیانیان لە سەلامەتیدا. جێگیرکردنی یەکە ئەمنییەکان لە کاتی پێویستدا بۆ پاراستنی ئەو کەمینە ئایینی و نەتەوەییانەی کە ھەستیان پێدەکرێت یان گومانیان لێدەکرێت کە پشتیوانی حکومەتی پێشوون، چارەسەرکردنی پێداویستییەکانی پاراستن و سەلامەتی ژنان، منداڵان، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، بەساڵاچووان و گروپەکانی دیکە کە زۆرترین بەرکەوتەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤن. چارەسەرکردنی پرسی دەستبەسەرکردن و بێسەروشوێنکراوەکان، دانانی میکانیزم بۆ ڕێگریکردن لە تاڵانکردنی موڵک و ماڵی مەدەنی، بنیاتنانی پێکھاتەیەکی حوکمڕانی کە نوێنەرایەتی ھەموو سوورییەکان بکا، بە ئاشکرا پابەندبوون بە پشتیوانیکردن لە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان بۆ ھەمووان، بەبێ جیاوازی، لەوانەش دەستەبەرکردنی ئازادی گردبوونەوە و ڕادەربڕین".