فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایدەگەیەنێت" ئاگاداری جموجۆڵی چەکداران بووین لە سوریا و سەرکردایەتی پێشووی وڵاتەکەشمان ئاگادار کردۆتەوە".
ئاوێنە: حسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕایگەیاند" لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ئاگاداری جموجۆڵی گروپە چەکدارەکان بووین لە سوریا".
ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک پێشبینی دەکەن سوپای پاسداران لە بری سوپای سوریا لە شەڕەکەدا شەڕ بکات، بەڵام ئایا لۆژیکییە سوپای پاسداران لە شەڕێکی دیکەدا شەڕ بکەن، لە کاتێکدا سوپای ئەو وڵاتە لە تەنیشت وەستاوە و سەیری دەکات؟.
سەلامی باسی لەوەشکرد کە سوپای پاسداران دواهەمین کەس بوو کە بەرەی خۆڕاگری لە سووریا چۆڵ کرد.
وتیشی" سوریا تاکە وڵاتێکە کە لەگەڵ ئیسرائیل ئاساییبوونەوەی قبوڵ نەکردووە و پەناگەیەک بووە بۆ بزووتنەوەکانی خۆڕاگری و ڕزگاریخوازانە".
فەرماندەکەی سوپای پاسدارانی ئێران دەشڵێت" ڕێگهكانی پاڵپشتی بۆ بهرهی مقاوهمه هێشتا كراوهن و ڕهنگه بۆ داهاتوویهكی نزیك فۆرمێكی نوێ لهخۆ بگرێت و تەنها لە سوریاش سنوردار نین".
حسێن سەلامی لە درێژەی قسەکانیدا وتی" بەرەی خۆڕاگری سەربەخۆیە لە جوگرافیای ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان تا ئێستاش چالاک و زیندووە".
فەرماندەی سوپای پاسداران جەختی لەوە کردەوە کە ئێران" چەکی ناوچەیی خۆی لەدەست نەداوە و بڕیارەکانی لەسەر بنەمای توانا ناوخۆییەکانی خۆی دەدات".
ڕوونیشیکردەوە کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران" کەم نەبووەتەوە و ئەگەر پاشەکشەی بکردایە، ئۆپەراسیۆنی (بەڵێنی ڕاستەقینە ١ و ٢)مان ئەنجام نەدەدا".
ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگە لە دانیشتنێکی داخراودا لەگەڵ پەرلەمانی ئێران کە تیایدا باسیان لە پێشهاتەکانی سوریا و ناوچەکە کرد، سەلامی کۆتایی هاتنی بوونی سەربازی ئێرانی لە سوریا پشتڕاستکردەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە دەسەڵاتی ئێران و هاوپەیمانەکانی لاواز نەبووە.