پێشبینی دەكرێت لە بەرەبەیانی رۆژی هەینی ئەم هەفتەیەوە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بكەونە ژێر كاریگەری شەپۆلێكی سەرماو بەفرو باران و بای بەهێز. شارەزایەكی بواری كەشناسی زانیاری و وردەكاری لەوبارەیەوە دەخاتەڕو.
ئاوێنە: ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی، لەبارەی شەپۆلەكەوە لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، پێشبینی دەكرێت سبەی 13/12/2024 ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە بکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی ساردی جەمسەری باکورەوە کە سەرەتای شەپۆلەکە لە بەرەبەیانی رۆژی ھەینییەوە دەستپێدەکات و ئاسمانی ھەرێم بە زۆری دەگۆڕێت بۆ ھەوری تەواو و بارانێکی پچڕپچڕی رێژە کەم بۆ مامناوەندی لەگەڵدا ئەبێت لەگەڵ بارینی بەفر لەناوچە شاخاوییەکان لەبەرزی 1400 مەتر لەئاستی ڕوی دەریاوە و نزمبونەوەی پلەکانی گەرما بەرێژەی 5 تا 6 پلە.
ئەوەشی خستۆتەڕو، شەپۆلی بەفر و بارانەکە ئێوارەی رۆژی ھەینی لەزۆربەی ناوچەکان کاریگەری نامێنێت و بۆ رۆژی شەممە 14/12/2024 پلەکانی گەرما بەراورد بە رۆژی ھەینی 3 تا 4 پلەی دیکە نزم دەبنەوە و ئاسمان بە زۆری پەڵەھەور بۆ نیمچە ھەور ئەبێت لەکاتەکانی پاشنیوەڕۆ بەشێوەیەکی کاتی و کورتخایان بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاوییەکانی ئیدارەی سۆران و ئیدارەی راپەرین و پارێزگای سلێمانی ئەبارێتەوە، بەگشتی لە رۆژی شەممە لەبەرزی 1000 مەتر لە ئاستی روی دەریاوە ئەگەری بارینی بەفر ئەبێت بەڵام رێژەکەی کەمە و ئێوارەی ھەمان رۆژ کۆتایی دێت .
ئاراس جەبار ئاماژەی بەوەشداوە كە لە سەنتەری پارێزگاكان ئەگەری بەفر بارین نییە و وتوشیەتی، لەگەڵ زیادبونی کاریگەری بارستە ھەوا ساردە جەمسەرییەکە لە ئێوارەی رۆژی شەممەوە 14/12/2024 بای باکوری رۆژھەڵات بە بەھێزی چالاک ئەبێت لەسەر زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین بەخێرایی 20کم تا ھەندێک کات بۆ زیاتر لە 60کم لە کاتژمێرێکدا کە بایەکی بەستو و زۆر سارد ئەبێت پلەکانی گەرما لەشەوی شەممە لەسەر بەیانی رۆژی یەکشەممە نزمدەکاتەوە بۆ سفر و چەند پلەیەک بۆ خوار سفری سەدی.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە، کاریگەری ئەم با بەھێزە تا نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە 15/12/2024 بەردەوامی ئەبێت و دواتر خێراییەکەی کەم دەبێتەوە بۆ بایەکی مامناوەند، لەماوەی رۆژانی یەکشەممە و دوشەممە کەش سەقامگیر ئەبێت و بەڵام شەپۆلی وشکە سەرماکە بەردەوامی ئەبێت و پلەی گەرمی لەو دو رۆژەدا زیاتر نزمدەبێتەوە و لەشەواندا لە زۆرینەی ناوچەکان سفر پلە تۆماردەکرێت لەناوچە شاخاوییەکانیش تا زیاتر لە 10 پلە لەژێر سفر تۆمار دەکرێت .
ئەو شارەزایەی كەشناسی رێژەی پێشبینیکراوی بەفر و بارانی لەماوەی رۆژانی ھەینی و شەممەی داهاتودا بەم شێوەیە خستۆتەڕو:
سنوری پارێزگای سلێمانی 5 - 15 ملیمەتر، بەفر 3 - 18 سانتیمەتر
سنوری پارێزگای ھەولێر 5 - 20 ملیمەتر، بەفر 6 - 35 سانتیمەتر
سنوری پارێزگای دھۆک 0 - 2 ملیمەتر، بەفر 0 - 3 سانتیمەتر
سنوری پارێزگای ھەڵەبجە 5 - 15 ملیمەتر، بەفر 3 - 10 سانتیمەتر
سنوری پارێزگای کەرکوک 4 - 10 ملیمەتر
ئیدارەی راپەرین 10 - 25 ملیمەتر، بەفر 10 - 30 سانتیمەتر
ئیدارەی سۆران 10 - 20 ملیمەتر، بەفر 6 - 35 سانتیمەتر
ئیدارەی گەرمیان 0 - 1 ملیمەتر