سەرۆك حزبێكی توركیا: بە دابەشبونی سوریا، توركیا و ئێرانیش دابەش دەبێت
  2024-12-11       380       


فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی حزبی سەرلەنوێ رەفاهـ-ی توریكا ڕایگەیاند، دڵخۆشین بە روخانی رژێمی سوریا، بەڵام دابەشبونی ئەو وڵاتە، دابەشبونی ئێران و تورکیای بەدوادا دێت، دەشڵێت، "ویستی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەوەیە هاوشێوەی عێراق، سوریاش دابەش بکەن و لەوێ دەوڵەتێکی تیرۆر دروستبکەن و ئامانجەكەش توركیایە".

ئاوێنه‌: فاتیح ئەربەكان، لە میانی سەردانی ڕێكخستنەكانی حزبەكەی لە پارێزگای کۆجائەلی وتارێكی پێشكەش كرد و ڕایگەیاند، "دڵخۆشین بە روخانی رژێمی سوریا، بەڵام نیگەرانیشمان هەیە، پێویستە پارێزگاری لە یەکپارچەیی خاکی سوریا و یەکێتییەکەی بکرێت، دابەشبونی سوریا، دابەشبونی ئێران و تورکیای بەدوادا دێت".

ئاماژەی بەوەشكرد، "ئایا رژێمێکی داردەستی سەر بە ئەمریکا و ئیسرائیل دێتە سەر حوکم، یان رژێمێکی سەربەخۆی موسڵمان و داکۆکیکار لە مافی هاوڵاتیانی سوریا دێتە سەر حوکم، هاوشێوەی ئەم روداوانە لە عێراقیش رویاندا، نیگەرانین لەوەی هەمان روداو لە سوریاش دوبارە ببێتەوە".

فاتیح ئەربەكان باسی لەوەشكرد، "لەم قۆناخەدا ویستی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەوەیە هاوشێوەی عێراق، سوریاش دابەش بکەن و لەوێ دەوڵەتێکی تیرۆر دروستبکەن". 

ئەوەشی خستەڕو، "ئیسرائیل ناوچەکانی جۆلانی بە تەواوەتی داگیرکردوە، بەوەش دەتوانێت لەوێوە بۆردومانی بەیروت و شامیش بکات، ئەوان یەکپارچەیی و حکومەتی ناوەندییان لە سوریا ناوێت، ئەمەش ئاسانکاری دەکات تاوەکو هیواکانی رژێمی زایۆنی بێنەدی".

فاتیح ئەربەكان ڕونیكردەوە، "پێویستە بەرامبەر ئەم پیلانانە وریا بین. ئەگەر سوریاش هاوشێوەی عێراق دابەش ببێت، ئەوکات ئێران و تورکیاش دابەش دەکرێت، مامۆستا ئەربەکان (نەجمەدین ئەربەکانی باوكی) دەیوت، ئەگەر رۆژێک بچنە نێو سوریا، تێبگەن کە ئامانج تورکیایە".

فاتیح ئەربەکان کوڕی نەجمەدین ئەربەکانی سەرۆك وەزیرانی پێشوتری توركیایە لە ساڵانی نێوان 1996-1997 بە کودەتایەکی سەربازیی کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی هێنرا، فاتیح لە ساڵی 2018  حزبی سەرلەنوێ رەفاهـ-ی دامەزراند كە ناوەكەی لە هەمان حزبی رەفاهی باوكیەوە وەرگیراوە و لە پارتی سەعادەت جیابوەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×