ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆك كۆماری توركیا ڕایگەیاند، ئاواتەخوازن دەسەڵاتی نوێی لە سوریا، گەلی ئەو وڵاتە بە هەمو پێکهاتەکانەوە لە باوەش بگرێت و بە تێگەیشتنەوە هەنگاو بنێت، دەشڵت، "هاوشێوەی سوریا، پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق بۆ ئێمە، زۆر زۆر گرنگە"
ئاوێنه: ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، لە میانەی وتارێكدا كە لە 15هەمین کۆبونەوەی باڵیۆزان لە کۆشکی سەرکۆماری تورکیا بەڕێوەچو ڕایگەیاند، "ئەو ڕێگەیەی کە ئیسرائیل بە پێداگری و کەلەڕەقییەوە دەیبڕی، بە ئاشکرا دەیڵێم ڕێگە نییە، تورکیا بۆ ڕاگرتنی دەریای خوێن لە غەززە، نەک تەنیا دەستەکانی، بەڵکو بە تەواوی جەستەوە ئامادەیە شان بداتە ئەو بەرپرسیاریەتیە".
ئاماژەی بەوەشكرد، "ئاواتەخوازین دەسەڵاتی نوێی لە سوریا هەمو گەل بە تەواوی پێکهاتەکانەوە لە باوەش بگرێت و بە تێگەیشتنەوە هەنگاو بنێت، لە ناخی دڵمەوە باوەڕم بەوە هەیە کە برایانی سوریم کە لە دەست ڕژێمی دەست بە خوێن و ستەمکار ڕزگاریان بوە، سەرکەوتو دەبن".
ڕەجەب تەیب ئەردۆگان باسی لەوەشكرد، "هاوشێوەی سوریا، پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق بۆ ئێمە، زۆر زۆر گرنگە".
ئەوەشی خستەڕو، "ئاواتەخوازم ئەو دەرفەتەی کە بە ئازادکردنی قەرەباغ دوای داگیرکارییەکەیەوە بەدەست هاتوە، بە تێگەیشتنێکی ئاشتیانەی نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان کۆتایی پێبێت".