ڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، ئەوەی لە سووریا ڕوویدا، لەوانە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و كۆنترۆڵی دەسەڵات لەلایەن گرووپە چەكدارەكانەوە بە پیلانی ئەمریكا و ئیسرائیل ئەنجامدراوە، بۆ ئەو مەبەستەش بەڵگەمان هەیە، دەشڵێت، وڵاتێكی دراوسێی سووریا ڕۆڵی لە ڕووخانی حكومەتەكەی ئەسەد هەبووە.
ئاوێنە: عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران لە كۆبوونەی بەرپرسان و لایەنگرانی هەڵوێستی فەرمی خۆی سەبارەت بە دۆخی سووریا و ڕووخانی حكومەتەكەی بەشار ئەسەد خستەڕوو.
عەلی خامنەیی ڕایگەیاند، نابێت هیچ دوودڵییەك هەبێت لەوەی كە ئەوەی لە سووریا ڕوویدا، لەوانە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و كۆنترۆڵی دەسەڵات لەلایەن گرووپە چەكدارەكان، دەرئەنجامی پلانێكی هاوبەشی ئەمریكا و ئیسرائیلە، بەڵگەمان لەسەر ئەوە هەیە كە ئەم بەڵگەیە هیچ بوارێك بۆ هیچ كەسێك بۆ گومان و دوودڵی ناهێڵێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، وڵاتانی دراوسێی سووریا ڕۆڵیان لە ڕووخانی حكومەتەكەی بەشار ئەسەد هەبووە، بەڵام ئەمریكا و ئیسرائیل هۆكاری سەرەكی بوون.
ئەمە لە كاتێكدایە، سەرەتای ئەم هەفتەیە گرووپە چەكدارەكان چوونە ناو دیمەشقی پایتەختی سووریا و ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدیان ڕاگەیاند، ئێرانیش هەر زوو دەستبەرداری ئەسەد بوو و وتیان: تەنیا دەتوانین نزای بۆ بكەین.