فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل، ئەمشەو دوشەممە، چەندین پێگەی سەربازییان لە سەرتاسەری سوریا بۆردومان كرد لەنێویشیاندا فڕۆكەخانەی قامیشلۆ كە پێگەی سوپای سوریاو هەندێك جار ئێرانییەكان و روسەكان بوە.
ئاوێنە: بەپێی سەرچاوە خۆجێییەكان بۆردومانەكانی ئیسرائیل چەندین پێگەی سەربازی و كۆگای چەكی لە چەند شارو ناوچە لەسوریا و رۆژئاوای كوردستان كردونەتە ئامانج كە لە سوپای سوریا بەجێماون.
یەكێك لەو ناوچانەی بۆردومان كراوە بەندەری شاری لازقیەیە كە هێزی دەریایی سوپای سوریای لێیە.
هەروەها لە دیمەشق و ریفی دیمەشقیش چەندین پێگەی دیكەی سەربازی كردونەتە ئامانج وەك پێگەی فیرقەی چوار و هەروەها ماڵەكانی بەشار ئەسەدو ماهر ئەسەد هاوكات ناوەندی لێكۆڵینەوە زانستییەكانیش كراوەتە ئامانج.
هەروەها بۆردومانەكانی ئەمشەوی ئیسرائیل فڕۆكەخانەی شعەیراتی سەربازی و چەند پێگەیەكی دیكەی سەربازی لە شاری مسیاف لە پارێزگای حەما كردۆتە ئامانج.
بۆردومانەكانی ئیسرائیل فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی قامیشلیشی گرتۆتەوە كە پێشتر هێزەكانی سوپای سوریا و هەندێك جاری هێزەكانی سوپای روسیاو ئێرانی تێدا جێگیربون.
هەروەك بۆردومانەكانی ئەمشەوی ئیسرائیل پێگەی فەوجی 54ی سوپای سوریای لە قامیشلۆ كردۆتە ئامانج كە هێزەكانی سوپای سوریای لێ بوەو هەروەها گروپە چەكدارەكانی لایەنگری ئێرانیش هاتوچۆی پێگەكەیان كردوە.
بەپێی قسەی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا ئیسرائیل زیاتر لە 100 هێرشی بۆ سەر سوریا ئەنجامداوە بە ئامانجی "تێكشكاندنی توانا سەربازییەكان"ی سوریا، ئەوەش لەدوای رۆژێك لە راگەیاندنی كەوتنی رژێمەكەی ئەسەد.
ئەمڕۆ دوشەممە، ئیسرائیل ئاگاداری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردۆتەوە كە كۆمەڵێك رێكاری "سنوردار و كاتی" لە ناوچەی داماڵراو لە چەك لەسەر سنور لەگەڵ سوریا دەگرێتەبەر بۆ روبەڕوبونەوەی هەر هەڕەشەیەك.
لای خۆیشییەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەكانی ئیسرائیل لە سنوری سوریا، رێكارێكی كاتی دەبن.
دو سەرچاوەی ئەمنی سوری كە ئەمڕۆ دوشەممە قسەیان بۆ رۆیتەرز كردوە، رایانگەیاندوە، ئیسرائیل پێگە ئاسمانییە سەرەكییەكانی سوپای سوریای بۆردومان كردون و ژێرخانی هێزی ئاسمانی و دەیان فڕۆكەی جەنگی و هەلیكۆپتەری سوریای لەناوبردون.
دوێنێش ئیسرائیل لە هێرشێكی ئاسمانیدا دامەزراوەی بەرگریی ئاسمانی سوپای سوریای لە بەندەری لازقیە كردە ئامانج.