حەماس بەبۆنەی روخانی رژێمەكەی ئەسەد پیرۆزبایی لە خەڵكی سوریا دەكات
  2024-12-09       248       

بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی بەبۆنەی روخانی رژێمەكەی بەشار ئەسەد، پیرۆزبایی لەخەڵكی سوریا دەكات و داوایان لێدەكات یەكگرتو بن.

ئاوێنە: بزوتنەوەی حەماس، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، "ئێمە وەك بزوتنەوەی حەماس، پیرۆزبایی لە گەلی برای سوریا دەكەین بەهۆی سەركەوتنیان لە بەدەستهێنانی خواستەكانیان بۆ ئازادی و عەدالەت."

حەماس وتوشیەتی، داوا لە سەرجەم پێكهاتەكانی گەلی سوریا دەكەین ریزەكانیان یەكبخەن و یەكگرتوی نیشتیمانییان بەهێزتر بكەن.

ئەوەشی خستۆتەڕو، ئێمە بەهێزەوە لە پشت گەلی سوریا دەوەستین و جەختیش دەكەینەوە لەسەر یەكێتی و یەكپارچەیی خاكی سوریا و رێزگرتن لە ئیرادەو سەربەخۆیی و بژاردەی سیاسیی گەلی سوریا.

پەیوەندییەكانی بزوتنەوەی حەماس و رژێمەكەی بەشار ئەسەد لەدوای ناڕەزایەتییەكانی ساڵی 2011ەوە لە سوریا تێكچون و ناكۆكییەكانیشیان لە مانگی شوباتی 2012ەوە توندتر بونەوە و سەركردەكانی حەماس بەوهۆیەوە سوریایان جێهێشت و رویان لە میسر و قەتەر كرد.

هەر ئەمڕۆ گروپی جیهادی ئیسلامی فەلەستینی لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی گۆڕانكارییەكانی سوریا، وتی، گۆڕانكارییەكان "پرسێكی ناوخۆیی سوریا"ن و ئومێدی خواست سوریا "وەك پاڵپشتیكاری خەڵكی فەلەستین" بمێنێتەوە.

بەگوێرەی راپۆرتی ساڵی 2022ی نەتەوە یەكگرتوەكان، نزیكەی 438 هەزار فەلەستینی وەك پەنابەر لە سوریا دەژین.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×