وەزیرێكی حكومەتی بەریتانیا رایگەیاند، ئەگەری هەیە دەستەی تەحریری شام لە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكانی وڵاتەكەیان دەربهێنن، ئەوەش لەدوای رۆڵی ئەو رێكخراوە لە روخاندنی رژێمەكەی بەشار ئەسەد لە سوریا.
ئاوێنە: پات مەكفادن، وەزیری دەوڵەت لە حكومەتی بەریتانیا، لە لێدوانێكدا بۆ بی بی سی، وتوشیەتی، دۆخی سوریا لە ئێستادا زۆر ناجێگیرە، بەڵام لەگەڵ سەقامگیربونی دۆخەكە، هەر جۆرە گۆڕانكارێكارییەك لەبارەی بونی دەستەی تەحریری شام لە لیستی تیرۆردا، "بڕیارێكی تاڕادەیەك خێرا" دەبێت.
بەهۆی ئەوەی دەستەی تەحریری شام پێشتر پەیوەندی لەگەڵ رێكخراوی ئەلقاعیدە هەبو، بەریتانیا ئەو رێكخراوەی لە لیستی گروپە تیرۆریستییەكانی وڵاتەكەیدا داناوە.
پات مەكفادن جەختیشی كردۆتەوە، بەریتانیا لە ئێستادا خۆی بەدور دەگرێت لە هەر جۆرە پەیوەندییەك لەگەڵ دەستەی تەحریری شام.
ئەوەش لەدوای ئەوە دێت كە دوێنێ یەكشەممە، كییەر ستارمەر، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، پێشوازی لە روخانی رژێمەكەی بەشار ئەسەد كرد.
دوێنێ یەكشەممە، دەستەی تەحریری شام و گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی كۆنترۆڵكردنی دیمشەق و كۆتایی رژێمەكەی بەشار ئەسەدیان راگەیاند.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە پێشتر رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی لەزاری بەرپرسێكی باڵای ئەمریكاوە بڵاویكردەوە، ئەگەری هەیە ئەمریكا دەستەی تەحریری شام لە لیستی تیرۆری وڵاتەكەی دەربهێنێت.
بهوتهى بەرپرسە ئەمریکییەكە "ئەگەری ئەم هەنگاوە، بەئامانجی مامەڵەکردنە لەگەڵ دەستەکە بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی لەسوریا."
هەروەها ئەڵمانیاش رایگەیاندوە، دەستەی تەحریری شام هەوڵیداوە خۆی دوربخاتەوە لە ریشە جیهادییەكەی، بەڵام سیاسەتی بەرلین لەبەرامبەری، پەیوەندی بە جۆری رەفتاری ئەو گروپەوە هەیە لە ئایندەدا.