لیندسی گراهام، سیناتۆری ئەمریكی رایگەیاند، ناكرێت ئەمریكا رێگە بدات هێزە كوردییەكان لە سوریا بكەونە بەر هەڕەشەی توركیاو گروپە ئیسلامییە توندڕەوەكانی سوریا. دەشڵێت، ئەگەر توركیا هێرش بكاتە سەر هێزە كوردییەكان ئەوا ئامادەم كاربكەم بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئەو وڵاتەدا.
ئاوێنە: لیندسی گراهام، سیناتۆری ئەمریكی لە پەیامێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بۆردومانەكانی دوێنێی ئەمریكای بۆ سەر چەند پێگەیەكی داعش لە سوریا بەرزنرخاندون، بەڵام وتوشیەتی، ئەو بۆردومانانە بەس نین، پێویستە لەسەرمان گەرەنتی ئەوە بكەین كە نزیكەی 50 هەزار زیندانیكراوی داعش لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا، ئازاد نەبن كە لەلای هێزە كوردییەكان زیندانین.
ئەو سیناتۆرە ئەمریكییە جەختیشی كردۆتەوە كە نابێت ئەمریكا رێگە بدات هێزە كوردییەكانی سوریا كە هاوكاری ئەمریكایان كردوە لە تێكشكاندنی داعشدا لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتی ترەمپدا، بكەونە بەر هەڕەشەی توركیا یاخود ئەو گروپە ئیسلامییە توندڕەوانەی كە سوریایان كۆنترۆڵكردوە.
لیندسی گراهام لەگەڵ ئەوەش وتویەتی، توركیا نیگەرانی رەوای هەن لەبارەی كۆمەڵێك گروپەوە لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا، بەڵام ئەگەر توركیا هێرشبكاتە سەر هێزە كوردییەكان، رەنگە ئەوە ببێتە مایەی هەڵاتنی داعشەكان لە زیندان ئەوەش وەك كابوسێكە بۆ ئەمریكا، چونكە ئەو كاتەی داعش باڵادەست بوە هەزاران ئەوروپی و ئەمریكی كوشتون.
هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە سەرباری ئەوەش سەرهەڵدانەوەی داعش جۆرێك لە پشێوی لە تەواوی ناوچەكە دروست دەكات.
سیناتۆرە ئەمریكییەكە ئەوەشی خستۆتەڕو، دەكرێت توركیا ناوچەیەكی داماڵراو لە چەكی هەبێت لەنێوان وڵاتەكەی و باكوری رۆژهەڵاتی سوریادا بەڵام ئەگەر توركیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی هێزە كوردییەكان لە سوریا ئەنجام بدات، ئەوا بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دەخاتە بەر مەترسییەكی گەورە.
لیندسی گراهام وتوشیەتی، لە رابردودا هەوڵم داوە بۆ سزادانی توركیا ئەگەر بێتو هێرش بكاتە سەر هێزە كوردییەكان لە سوریا، ئێستاش ئامادەم جارێكی تر ئەو كارە بكەم لە ئەگەری هێرشی ئەو وڵاتەدا بۆ سەر هێزە كوردییەكانی سوریا.