باڵیۆزخانەی سوریا لە مۆسکۆ ئاڵای ئۆپۆزسیۆن له‌سه‌ر باڵه‌خانه‌كه‌ی هه‌ڵكرد
  2024-12-09       231       


میدیای ڕوسیا بڵاویكرده‌وه‌، دۆخی ده‌وروبه‌ری بینای باڵیۆزخانەی سوریا لە شەقامی مەنسورۆڤ لە مۆسکۆ بە ئارامییەوە ماوەتەوە لە کاتێکدا ئۆپۆزسیۆن کۆنتڕۆڵکردنی دیمەشقی پایتەخت و "ڕوخاندنی بەشار ئەسەد"ی ڕاگەیاندوە، له‌سه‌ر باڵه‌خانه‌كه‌ش ئاڵای ئۆپۆزسیۆن هه‌ڵكراوه‌.

ئاژانسی تاس-ی ڕوسی لە ڤیدیۆیه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌، ئاڵای ئۆپۆزسیۆنی سوریا لەسەر ستونی لە باڵەخانەی باڵیۆزخانەی سوریا لە مۆسکۆ هەڵکراوه‌، ئاسایشی لە دەوروبەری بیناکە بەهێز نەکراوە و تەنها یەک پۆلیس لە نزیکەوە ئەرکی خۆی هەیە باڵیۆزخانەکە بە شێوەیەکی ئاسایی کاردەکات.

بەشار جەعفەری، باڵیۆزی سوریا لە ڕوسیا پێشتر باسی له‌وه‌كردبو، سوریا ئەمڕۆ بوەتەوه‌ به‌ موڵكی هەمو گەلی سوریا، ستایشی متمانەی گەورەی بە توانای گەلی سوریا بۆ زاڵبون بەسەر تەحەددیاتەکاندا کردبو، جەختی لەسەر "پێویستی بەشداریکردنی هەمو سوریاییەکان کردبوەوە لە گواستنەوەی وڵات بۆ سەلامەتی بۆ قۆناغی سەربەخۆیی ڕاستەقینە".

وەزارەتی دەرەوە و تاراوگەنشینانی سوریا دوێنێ یەکشەممە ڕایگەیاند، نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی لە دەرەوەی وڵات بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ خزمەتکردنی سوریاییەکان و بەڕێوەبردنی کاروبارەکانیان.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "برایانی سوریا، ئەمڕۆ لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژوی سوریادا دەنوسنه‌وه‌، پەیماننامە و میساقێکی نیشتمانی دەستپێدەکەن کە قسەی سورییەکان یەکدەخات، بەمەبەستی بنیاتنانی تاکە نیشتمانێک کە دادپەروەری و یەکسانی تێیدا زاڵ بێت و هەموان هەمو ماف و ئەرکەکانی تێدا پارێزراوبێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×