دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە، ڕووسیا و ئێران ئێستا لە لاوازترین پێگەیاندان، ڕووسیا، پاڵپشتەكەی ئەسەد، چیتر هیچ بەرژەوەندییەکی لە سووریادا نەماوە.
ئاوێنه: دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی هەڵبژیردراوی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی truth details باس لە ڕووسیا و ئێران دەکات و فشاریش دەخاتە سەر ڕووسیا تا جەنگی ئۆكراین کۆتایی پێبهێنێت، لەو باباتەشدا داوای یارمەتی لە چین دەکات.
ترەمپ نووسیویەتی، “ئەسەد کۆتایی هات، پاڵپشتیەکەی ئەسەد، ڕووسیا، کە لەلایەن ڤلادیمێر پوتینیەوە ڕابەرایەتی دەکرێت، چیتر نایەوێت ئەسەد بپارێزێت، ڕووسیا ئیتر هیچ هۆکارێکی نییە کە ئەوە بکات”.
باسی لەوەشکردووە، ڕووسیا سەرجەم بەرژەوەندییەکانی لە سووریا لەدەستداوە بەهۆی ئۆكراینەوە، نزیکەی ٦٠٠ هەزار سەربازی گیانیان لەدەستداوە یان بریندار بوون، بەهۆی شەڕێکەوە کە لە بنەڕەتدا نەدەبوو هەڵبگیرسێت.
دەشڵێت، ڕووسیا و ئێران ئێستا لە لاوازترین پێگەیاندان، یەکێکیان بەهۆی ئۆكراین و ئابووری خراپ، دووەمیان بەهۆی ئیسرائیل و سەرکەوتنەکانی لە جەنگدا.
ترەمپ ڕووی قسەكانی كردووەتە ڤۆڵۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆكراین و ئاماژەی بەوەکردووە، “بەهەمان شێوە، زیلینسکی پێویستە واز لەو کەللـە رەقیەی بهێنێت و رێککەوتن بکات، ئەوان نزیکەی ٤٠٠ هەزار سەربازیان لەدەستداوە، جگە لە گیانلەدەستدانی ئەو هەموو کەسە مەدەنییە، پێویستە بەپەلە ئاگربەست رابگەیەنن و دانووستان دەست پێ بکەن، لە خۆڕا ژیانی چەندین کەس بەفیڕۆ چوو، چەندین خێزان تێکشکان، ئەگەر ئەو دۆخە بەردەوام بێت ئەوا دەگۆڕێت بۆ شتێکی زۆر گەورەتر و زۆر خراپتر دەبێت.
لە کۆتاییشدا نووسیویەتی، “دەزانم پوتین باشە، بۆیە پێویستە باشی خۆی بنوێنێت، لەوانەیە چین بتوانێت یارمەتیدەر بێت، جیهان چاوەڕێیە!”.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، دوێنێ دوای ١١ رۆژ شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی توند، بە فەرمی کۆتاییهاتنی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە سووریا ڕاگەیەنرا و کۆتایی بە حوکمی ٥٣ ساڵەی بنەماڵەکەیان هات لە سوریادا.
دوابەدوای ئەو رووداوانە کاردانەوە جیهانییەکان فراوان بوون و ئەمریکاش سەرەڕای هاندانی لایەنەکان بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لە سووریا، فشار لە ڕووسیا و ئۆكراین دەکات جەنگی نێوانیان رابگرن.