سەرۆک وەزیرانی پێشووی سوریا ڕایدەگەیەنێت" دۆخی ئەمنی دیمەشق شایەتی باشتربوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە". دەشڵێت" لە دوایین پەیوەندیماندا لەگەڵ ئەسەد پێم وت کە دۆخەکە ئیتر تەحەمول نەکراوە، بەڵام ئەویش وەڵامی دایەوە، سبەی دەبینین".
ئاوێنە: محەمەد غازی جەلالی سەرۆک وەزیرانی پێشووی سووریا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سکای نیوز عەرەبی ڕایگەیاند" شتەکان گەیشتبوونە ئاستی چەقبەستوو، هەماهەنگیش لە ئارادایە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و سەرکردەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک بەدەر بکرێت".
وتیشی" زۆربەی وەزیرەکان لە دیمەشقن و لە فەرمانگەکانیانەوە کارەکانیان بەشێوەیەکی ئاسایی ئەنجام دەدەن".
سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە و ئایندەی سەرکردایەتی سەربازی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی سوریا ڕوونیکردەوە، سیاسەتی دەرەوە لەلایەن ئەو لایەنەوە دادەڕێژرێت کە دەسەڵات دەگرێتە ئەستۆ و وەڵامم نییە سەبارەت بە چارەنووسی سوپای سوریا ئەوە پەیوەستە بە هەر کەسێکەوە دەست بەسەر سەرکردایەتیدا دەگرێت.
سەبارەت بەو ماوەیەی پێش قۆناغی ئینتقالی، دووپاتیکردەوە کە بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشووی سوریا بە تەنیا بڕیار دەدات بەبێ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەت، ئاماژەی بەوەدا کە" لەو کاتەوەی پۆستی سەرۆک وەزیرانی وەرگرتووە، چەندین جار هەوڵی داوە پۆستی ئەسەد ڕابکێشێت بۆ گرنگیدان بە جددیەتی دۆخەکە".
دەشڵێت" لە دوایین پەیوەندیماندا پێم وت کە دۆخەکە ئیتر تەحەمول نەکراوە، بەڵام ئەویش وەڵامی دایەوە، سبەی دەبینین، واتە دواتر بابەتەکان گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت، ئەمەش ڕووی نەدا، ئەسەد پلانێکی پێشوەختەی هەبوو، کاتێکیش کارەکان گەیشتە ئەم قۆناغە، بڕیاریدا وڵات بەجێبهێڵێت و لە دۆخێکی ئاژاوەگێڕیدا بەجێبهێڵێت، بەبێ ئەوەی هیچ بەیاننامە و ڕێنمایییەک بۆ حکومەتەکەی دەربکات".
جەختیشی کردەوە کە ئامانجی سەرەکی لە قۆناغی ئێستادا بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیرییە، هەروەها ڕێکخستنەوەی دۆخەکە بە شێوەیەک کە گەرەنتی ژیانێکی سەقامگیرتر بۆ گەلی سوریا بکات دوای چەندین ساڵ لە ئازار.