بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بەڕۆژنامەی 'واشنتۆن پۆست'ی ڕاگەیاندوه، ڕەنگە ئەمریکا دەستەی تەحریر شام لەلیستی تیرۆر دەربهێنێت.
ئاوێنە: بهوتهى ئەو بەرپرسە ئەمریکییە بۆ ڕۆژنامهى وڵاتهكهى، "ئەم هەنگاوە ئەگەرییە بەئامانجی مامەڵەکردنە لەگەڵ دەستەکە بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی لەسوریا".
دەستەی تەحریرشام لەلایەن ئەمریکاو تورکیاو ژمارهیهك لهوڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوایی، وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی دەستنیشانکراوە.
لەساڵی 2018دا ئەمریکا پاداشتێکی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ دەستگیرکردنی سەرکردەکەی دەستەکە، ئەبو محەممەد جۆلانی تەرخانکردبوو.
ئەبو محەممەد جۆلانی لەچاوپێکەوتنێکیدا بە'سی ئێن ئێن'ی ڕاگەیاند، "ئەم پۆلێنکردنە بەپلەی یەکەم سیاسیەو لەهەمانکاتیشدا نادروستە، هەندێک کاری توندڕەوی بونە هۆی دابەشبونی دەستەی تەحریر شامو گروپە توندڕەوەکان".
جۆلانی دەشڵێت:"دژی هەندێک لەو تەکتیکانە بوم کە گروپە چەکدارەکانی دیکە وەحشیگەرانە بەکاریاندەهێنا، هەر ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی پەیوەندییەکانم لەگەڵ ئەواندا بپچڕێنم، خۆم بەشداریم لەهیچ هێرشێكى سەر هاوڵاتیانی مەدەنیدا نەکردوە".
گروپە چەکدارەکان بەسەرۆکایەتیی دەستەی تەحریر شام، ڕژێمی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریایان ڕوخاندو ڕوسیاش ڕایگەیاند، بەهۆکاری مرۆیی مافی پەنابەری بەئەوو خێزانەکەی لەڕوسیا داوە.