بایدن: كەوتنی ئەسەد دەرفەتێكی مێژوییە بۆ سورییەكان
  2024-12-08       217       

جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا كەوتنی رژێمی ئەسەد بە دەرفەتێكی مێژویی بۆ سورییەكان ناوبردو رایگەیاند، لەگەڵ هاوبەشەكانیان و گروپەكانی دیكەی خاوەن بەرژەوەندی لە سوریا كاردەكەن بۆ قۆستنەوەی ئەو دەرفەتەی كە بۆ سورییەكان دروست بوە لەدوای روخانی ئەسەد و دەشڵێت: دەبێت لێپرسینەوە لە ئەسەد بكرێت.

ئاوێنە: جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە كۆشكی سپی رایگەیاند، ئەمریكا پشتیوانی دراوسێكانی سوریا دەكات لەماوەی گواستنەوەی دەسەڵاتداو هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ قسە و رەفتارەكانی گروپە چەكدارەكانی سوریا دەكات.

وتیشی، بەشێك لە گروپە چەكدارەكانی سوریا كە بەشداریان لە خستنی ئەسەددا كردوە، "تۆمارێكی رەشیان لە تیرۆر و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ هەیە."

هێمای بۆ ئەوەش كرد كە ئەمریكا بەڕەسمی شوێنی ئەسەد نازانێت بەڵام راپۆرتەكان باس لەوە دەكەن كە بۆ مۆسكۆ هەڵاتوە. وتیشی، دەبێت لێپرسینەوە لەگەڵ ئەسەد بكرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، سوریا بە دۆخێكی مەترسیدار و بێ دڵنیاییدا تێدەپەڕێت و ئەوەش یەكەم جارە پاش چەندین ساڵ، روسیا و ئێران و حزبوڵا، رۆڵی كاریگەرییان لە سوریا نییەو هەر سێ لایان لاواز بون.

هەروەها بایدن باسی لەوەشكرد كە هێزەكانیان لە سوریا دەمێننەوە بۆ پاراستنی ناوچەكە لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش و وتیشی، ئەمڕۆ هێزەكانیان 12 هێرشی وردیان لەناو سوریا بۆ سەر بنكە و گروپە چەكدارەكانی داعش ئەنجامداوە.

بایدن كەوتنی رژێمەكەی ئەسەدی بە "دەرفەتێكی مێژویی بۆ گەلی سوریا" ناوبرد "بۆ بنیادناننی ئایندەیەكی باشتر بۆ وڵاتەكە."

وتیشی، لەبارەی ئەوەی چی رودەدات لەدوای ئەمە لە سوریا، ئەمریكا لەگەڵ هاوبەشەكانی و ئەوانەی خاوەن بەرژەوەندین لە سوریا كاردەكات و هاوكارییان دەكات بۆ قۆستنەوەی ئەو دەرفەتەی دروست بوە لەپێناو ئیدارەدانی مەترسییەكان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×