وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەدوای كەوتنی رژێمەكەی بەشار ئەسەد، دەڵێت، تاران بەوردی چاودێری گۆڕانكارییەكانی سوریاو ناوچەكە دەكات و بە لەبەرچاوگرتنی رەفتارو ئەدای كارەكتەرە كاریگەرەكان لە گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنی سوریادا، هەڵوێستی گونجاوی خۆی وەردەگرێت.
ئاوێنە: وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، جەخت دەكەینەوە كە دیاریكردنی چارەنوسی سوریا و بڕیاردان لێی، تەنیا بەرپرسیارێتی گەلی ئەو وڵاتەیە بەبێ هیچ دەستوەردانێكی تێكدەرانە یان سەپاندنی دەرەكی.
وتوشیەتی، بەدیهێنانی ئەو ئامانجە پێویستی بە كۆتاییهێنان بە پێكدادانە سەربازییەكان لە نزیكترین كات و "رێگریكردنە لە كردەوە تیرۆریستییەكان و دەستپێكردنی گفتوگۆی نیشتیمانی بە بەشداری تەواوی پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی سوری لەپێناو پێكهێنانی حكومەتێكی گشتگیر كە نوێنەرایەتی تەواوی گەلی سوریا بكات."
ئاماژەی بەوەشداوە كە ئێران پشتیوانی لە میكانیزمە نێودەوڵەتییەكانی پشتبەستو بە بڕیاری ژمارە 2254ی نەتەوە یەكگرتوەكان دەكات بۆ بەردەوامی پڕۆسەی سیاسی لە سوریا و لەوڕوەشەوە تاران بەشێوەیەكی بونیاتنەرانە بەردەوام دەبێت لە كاركردن لەگەڵ نەتەوە یەكگرتوەكان.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران راشیگەیاندوە، لەم دۆخەدا سوریا بە قۆناغێكی مەترسیداری مێژوی خۆیدا تێدەپەڕێت و زۆر پێویستە گەرەنتی ئاسایشی تەواوی هاوڵاتیانی سوریا بكرێت و هەروەها رێزی شوێنە ئایینییە پیرۆرزەكان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكان و كونسوڵخانەكان بەپێی بنەماكانی یاسای نێودەوڵەتی بپارێزرێن.
وتوشیەتی، پەیوەندیی نێوان ئێران و سوریا پێشینەیەكی دێرینی هەیەو بەردەوام پەیوەندییەكی دۆستانە بوە، چاوەڕێ دەكرێت ئەم پەیوەندییانە بە گرتنەبەری رێگەیەكی حەكیمانەو دوربینانەی هەردو وڵات بەردەوام بن.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە كۆماری ئیسلامی ئێران بە جەختكردنەوە لە گرنگی و كاریگەری پێگەی سوریا لە ناوچەكە، لە هیچ هەوڵێك درێغی ناكات بۆ پتەوكردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سوریاو بۆ ئەو مەبەستەش راوێژەكانی لەگەڵ سەرجەم لایەنە كاریگەرەكان بەتایبەت لە ناوچەكە بەردەوام دەبن.
لەكۆتاییشدا وتویەتی، ئێران بەوردی چاودێری گۆڕانكارییەكانی سوریاو ناوچەكە دەكات و بە لەبەرچاوگرتنی رەفتارو ئەدای كارەكتەرە كاریگەرەكانی گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنی لە سوریا، ئاڕاستەو هەڵوێستی گونجاوی خۆی وەردەگرێت.