وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، بەشار ئەسەد، سەرۆكی سوریا لەدوای دانوستان لەگەڵ لایەنەكانی شەڕ لە سوریا، بڕیاری داوە كە وڵات بەجێبهێڵێت و دەستبەرداری پۆستەكەی ببێت و فەرمانیشی داوە بە گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات.
ئاوێنە: وەزارەتی دەرەوەی روسیا لە راگەیەندراوێكدا وتوشیەتی، روسیا بەشداری لەو دانوستانانەدا نەكردوە كە بونەتە مایەی ئەو بڕیارەی ئەسەد بەڵام بەردەوام دەبێت لە پەیوەندیكردن لەگەڵ سەرجەم گروپەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا.
راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی روسیا داوایكردوە كە لەرێگەی گفتوگۆوە پرسە سیاسییەكانی سوریا چارەسەربكرێن بەجۆرێك كە لەگەڵ بڕیاری ژمارە 2254ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی روسیا لەبارەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە سوریا وتویەتی، بنكە سەربازییەكانی روسیا لە سوریا لەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ گەرەنتیكردنی سەلامەتی هاوڵاتیانی روس لەوێ. وتوشیەتی، تاوەكو ئێستا هیچ هەڕەشەیەكی مەترسیدار لەسەر سەلامەتیان نییە.