هاكان فیدان: دەبێت رژێمی سوریا گفتوگۆ لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندا بكات
  2024-12-07       229       

هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا ئەمریكییەكەی رایگەیاندوە كە دەبێت رژێمی سوریا راستییەكان ببینێت و دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندا بكات.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیاو ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە تەلەفۆن لەبارەی دۆخی سوریاوە قسەیان کردوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا سەبارەت بە دوایین پێشهاتە مەیدانییەکانی سوریا، هاکان فیدان بە ئەنتۆنی بلینکنی راگەیاند، نابێت هەڵەكانی رابردو دوبارەبكرێنەوە، دەبێت لەم قۆناغەدا رژێمی سوریا راستییەكان ببینێت و لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندا گفتوگۆ بكات و رێگەی سیاسی بگرێتەبەر.

وەزیری دەرەوەی توركیا داواشی كردوە كە هەمو لایەنەكانی ناوچەكەش بە ئاڕاستەی گفتوگۆ هەنگاو بنێن.

وەزیری دەرەوەی تورکیا لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا هۆشداری داوە لەبارەی چەکە کیمیاییەکانی ژێر دەستی حکومەتی سوریا و رایگەیاندوە، لە "ئەگەری بەکارهێنانی ئەم چەکە کیمیاییانە، رژێم تاوانی زۆر گەورەتر ئەنجام دەدات بەراورد بەو تاوانانەی پێشتر کردونی."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×