میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویانكردەوە، سوپای ئەو وڵاتە هێرشیکردوەتە سەر ژمارەیەک دامەزراوەی چەکی کیمیایی حکومەتی سوریا، ئەوەش لە ترسی ئەوەی ئەو جۆرە چەكانە بگەنە دەستی گروپە چەكدارەكان، هەروەها پێگەی ئەكسیۆسیش دەڵێت، "ئیسرائیل نیگەرانە لە ڕوداوەكانی سوریا، لەگەڵ ئەوشدا سەریان سورڕماوە لە داڕمانی هێڵەکانی بەرگری سوپای سوریا بەو خێراییە".
ئاوێنه: کەناڵی 12ی ئیسرائیلی ئەمڕۆ هەینی لە بڵاویكردەوە، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لەم دواییانەدا هێرشیکردوەتە سەر ژمارەیەک دامەزراوەی چەکی کیمیایی حکومەتی سوریا لە ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو هێرشانە بۆ ڕێگریکردنە لەوەی ئەو چەکانە بكەونە دەستی گروپە چەکدارەکان، کە بە خێرایییەکی سەرسوڕهێنەر لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا لە حەلەبەوە بەرەو حەما و حومس پێشڕەوییان کردوە.
بەگوێرەی كەناڵە ئیسرائیلییەكە، "سوپای ئیسرائیل و دامەزراوە ئەمنییەکانی، بەدرێژایی چڕی چاودێری ململانێکانی سوریا دەکەن، لە ترسی ئەوەی پێشهاتەکان کاریگەرییان لەسەر ئیسرائیلیش هەبێت".
هاوكات هەر ئەمڕۆ هەینی، سوپای ئیسرائیل بەهێزکردنی هێز و پێگە سەربازییەكانی لە سنوری نێوان سوریا و وڵاتەكەی ڕاگەیاند.
لایخۆیەوە ڕۆژنامەی هارتس-ی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویكردەوە، "ئەگەر ئەو جۆرە چەکانە بکەوێتە دەستی گروپە چەکدارەکان، ئیسرائیل ناچار دەبێت بە شێوەیەک مامەڵە بکات کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر سوریا و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت".
نیگەرانی ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە سوریا شاهیدی زیادبونی نائارامییەکانە، ئەزەش دەرگا بەڕوی ئەگەری هەڵکشانی ناوچەیی دەکاتەوە کە ڕەنگە بۆ سنورەکانی سوریاش درێژببێتەوە.
لەلایەكی دیكەوە پێگەی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردوەتەوە، ئیسرائیل نیگەرانییەكانی گەیاندوەتە واشنتن، سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردنی سوریا لەلایەن گروپە توندڕەوەکانەوە لە لایەک، یان ڕودانی سیناریۆیەکی جێگرەوە کە بریتییە لە هاتنە ناوەوەی هێزی زیادەی ئێران بۆ ناو سوریا و زیادبونی هێزی تاران کاریگەری لە لایەکی دیكەوە".
دو بەرپرسی باڵای ئیسرائیل بە ئاکسیۆسیان ڕاگەیاندوە، "بەرپرسانی هەواڵگری ئیسرائیل سەریان سوڕماوە لە داڕمانی هێڵەکانی بەرگری سوپای سوریا بە خێرایی زیاتر لەوەی پێشبینی دەکرا".