وەزیری دەرەوەی رووسیا گەیشتە دەوحە
  2024-12-06       236       

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا گەیشتە دەوحەی پایتەختی قەتەرو بڕیارە بەشداری لە كۆڕبەندی دەوحە بكات، دواتر لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی پڕۆسەی ئاستانە (ڕووسیا، ئێران، توركیا) كۆببێتەوە.

ئاوێنه‌: میدیاكان بڵاویانكردۆتەوە، ئەمڕۆ (سێرگی لاڤرۆڤ) وەزیری دەرەوەی ڕووسیا گەیشتۆتە دەوحەی پایتەختی قەتەرو بڕیارە بەشداری لە كۆڕبەندی دەوحە بكات، كە بڕیارە ڕۆژانی (7 – 8) ی كانوونی یەكەم بەڕێوەبچێت.

پێشتر عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو، لە پەراوێزی كۆڕبەندی دەوحە، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی پرۆسەی ئاستانە، ڕووسیا، توركیا و ئێران لە دەوحەی پایتەختی قەتەر كۆدەبنەوە، ئاماژەی بەوەشكرد، قەتەر بەشداری ئەو كۆبوونەوەیە ناكات.

پێشتر (مەسعود پزیشكیان) سەرۆك كۆماری ئێران لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی فەرمی وڵاتەكەی ڕایگەیاندبوو، ئێمە جەخت لەسەر چارەسەری سیاسی و دیپلۆماسی بۆ قەیرانی سوریا دەكەینەوە، نەوەك چارەسەری سەربازی، پێویستە پرۆسەی ئاستانە بەردەوام بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی سوریا.

جێگەی ئاماژەیە، ماوەی (10) ڕۆژە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا هێرشی بەرفراوانیان بۆ سەر شاری حەلەب و سوپای ڕژێمی سوریا دەستپێكردووەو بەردەوامن لە هێرشكردن و پانتاییەكی زۆری خاكی سوریایان خستۆتە ژێر ركێفی خۆیان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×