بایکۆتی مامۆستایان لە هەفتەی داهاتووەوە فراوانتر دەبێت
  2024-12-06       304       


ئەنجومەنی مامۆستایانی پشدەر ڕایانگەیاند، لە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن دەکەن.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ هەینی، 7ی کانوونی یەکەمی 2024، ئەنجومەنی مامۆستایانی پشدەر لە ڕاگەیەنراوێکدا ده‌ڵێت، "ئێمە وەک ئەنجومەنی مامۆستایانی پشدەر و لە سۆنگەی ئەوەی کە پێمان وایە کاری بە زۆرەملێ و بێبەرامبەر جۆرێکە لە کۆیلایەتی سەردەمیانە و ملکەچبوونە دوای ئەوەی کە لەسەرەتا و دەستپێکی ساڵی خوێندن بەڕوونی هۆشداریماندا کە لەئەگەری جێبەجێنەکردنی داواکارییە ڕەواکانی مامۆستایان و فەرمانبەران دووبارە و وەک ساڵانی پێشتر و بەگڕوتینێکی زیاترەوە دێینەوە مەیدانی خەباتی مەدەنی و بێ ماندوو بوون و سڵەمینەوە هەر ڕێگایەکی مەدەنی و یاسایی پێویست بێت دەیگرینە بەر بۆ بەچۆک داهێنانی دەسەڵاتداران لە ئاست ماف و داواکارییە ڕەواکانی سەرجەم چین و توێژەکان بەگشتی و مووچە خۆران بەتایبەتی."

هەر بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە نالەبار و چەق بەستووەی کە دەسەڵات لەم هەرێمە خوڵقاندوویەتی ئێمە پێشوازی دەکەین لەو بایکۆتە ناچارییەی مامۆستایان دەستیان پێکردوە و لەیەک شەممەی داهاتووشەوە بایکۆتی سەرجەم هۆڵ و ناوەندەکانی خوێندن دەگرێتەوە."

مامۆستایانی پشدەر سێ خاڵیان وەك داواکاریی بڵاوکردوەتەوە کە بریتییە لە:

١- دەست پێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنی

٢- پێدانی مووچەکانی مانگەکانی دە و یانزە لە نزیکترین کاتدا، هەروەها پێدانی موچەی مانگی دوانزە لەکاتی خۆیدا

٣- بەخێرای جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی تەوتین کردنی مووچە لەلایەن بانکەکانی سەر بە حکومەتی فیدڕاڵی.

دەشڵێن، "لەئەگەری جێبەجێنەکردنی ئەم داواکاریانە بەهیچ جۆرێک دەرگای ناوەندەکانی خوێندن ناکەینەوە و لەداهاتووشدا و بەپێی بەدەنگەوە هاتنی مامۆستایان و فەرمانبەران و سەرجەم چین و توێژەکان هەر ڕێگەیەکی تری خەباتی مەدەنی پێویست بێت ئەوا بێ ترس و سڵەمینەوە دەیگرینەبەر."
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×