ئەمریكا: بەشداری سەربازی لە كێشەكانی سوریادا ناكەین
  2024-12-06       293       


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، ئەوان بەشداری سەربازی لە كێشەكانی سوریادا ناكەن، بەڵام هێزەكانیان لەو وڵاتە ئامادەیە بۆ هەر ئەگەرێك، هەروەها دەشڵێت، "پشتبەستنی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا بە ئێران هۆكاری پەرەسەندنی گرژییەكانە و کارێکی خراپە و دەبێت بوەستێت". 

ئاوێنه‌: مایکڵ میشێل، وتەبێژی ناوچەیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ هەینی لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، حکومەتی ئەمریکا زۆر نیگەرانە لە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سوریا، هەروەها پێی وایە كە ئەو پێشهاتانە دەرئەنجامی ڕەتکردنەوەی هەمیشەیی و بەردەوامی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریایە بۆ هەر كارێكی جددی لەگەڵ هەنگاوە سیاسییەکان بەگوێرەی بڕیارنامەی 2240ی ئەنجومەنی ئاسایش.

ئاماژەی بەوەشكرد، "پێشهاتەکان زۆر مەترسیدارن، حکومەتی ئەمریکاش هانی سەرجەم لایەنەكان دەدات بۆ کەمکردنەوەی گرژییەكان، هەروەها تیشک دەخەنە سەر ڕاستییەکی سادە، ئەویش پشتبەستنی ئەسەدە بە ئێران بۆ ئەوەی ڕژێمەکەی بپارێزێت، ئەوەش کارێکی خراپە و دەبێت بوەستێت".

مایکڵ میشێل باسی لەوەشكرد، "واشنتن لەم قۆناغەدا تەرکیزی لەسەر پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و کەمینەکانی سوریایە و بۆ ئێمەش ڕونە کە هیچ کام لە لایەنە شەڕکەرەکان ئارەزوی ئاگربەستیان نییە، ئێمە هانی کەمکردنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی ئەو پەرەسەندنانە دەدەین و نامانەوێت هیچ توندوتیژییەک ئەنجام بدرێت".

سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمریکا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە وتی، "بارودۆخەكە زۆر مەترسیدارە، ئەمریکاش هەمیشە ئامادەیە بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە سوریاشەوە، هەروەها پێشوازی لە هەر ڕۆڵێکی باش و کاریگەر دەکات بۆ کۆتایی هێنان بەم قەیرانە لە لایەن هاوبەشە ناوچەییەکانمانەوە".

ئەوەشی خستەڕو، "بەشداری سەربازی لە كێشەكانی سوریادا ناكەین، بەڵام هێزەکانی ئەمریکا ئامادەن بۆ هەر ئەگەرێك، هەروەها نزیکەی 900 سەربازمان لە سوریا هەیە بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانمان و لە پێناو گەلی سوریا".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×