رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، پێشڕەوی گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆن لە سوریا بەردەوامە كە ئامانجیان دیمەشقەو دەشڵێت، ئومێدەوارین ئەو پێشڕەوییانە بەردەوام بن.
ئاوێنە: رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمڕۆ لەدوای نوێژی هەینی لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان لەبارەی روداوەكانی سوریا، وتی، "بانگەزمان لە بەشار ئەسەد كرد كە وەرن پێكەوە ئایندەی سوریا دیاری بكەین، بەڵام بەداخەوە لەمبارەیەوە وەڵامێكی ئەرێنیمان وەرنەگرت."
سەرۆك كۆماری توركیا وتی، "دوای ئیدلب، حەما و حمس كە هەڵبەتە ئامانجەكە دیمەشقە، پێشڕەوی ئۆپۆزسیۆن هێشتا بەردەوامە و ئومێدەوارین ئەم پێشڕەوییە لەسوریا بەبێ كێشەو روداو بەردەوام بێت."
هێمای بۆ ئەوەش كرد، چاودێری پێشهاتەكانی سوریا دەكەن و راپۆرتی هەواڵگرییان لەبارەی روداوەكانەوە بەدەست دەگات.