ئەبو محەمەد جۆلانی، سەرۆكی دەستەی تەحریری شام رایگەیاند، ئامانجیان لە هێرشەكانی ئەم دواییە لە سوریاو كۆنترۆڵكردنی شارەكان، خستنی رژێمەكەی بەشار ئەسەد، سەرۆكی سوریایەو دەشڵێت، رژێمی سوریا مردوە.
ئاوێنە: ئەبو محەمەد جۆلانی، سەرۆكی دەستەی تەحریری شام، پاش چەند ساڵێك لە یەكەم چاوپێكەوتنیدا بۆ كەناڵی سی ئێن ئێن رایگەیاند، پلانیان ئەوەیە لەدوای روخانی رژێمی سوریا، "حكومەتی دامەزراوەكان پێكبهێنن لەگەڵ ئەنجومەنی هەڵبژێردراو لەلایەن خەڵكەوە."
جۆلانی وتوشیەتی"ئامانجمان خستنی رژێمەكەیە...مافی خۆمانە هەمو ئامڕازێك بەكاربهێنین بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە."
سەرۆكی دەستەی تەحریری شام وتوشیەتی"تۆوی شكستی رژێمی بەردەوام لەناوخۆیدا هەبوە... ئێرانییەكان ویستیان زیندوی بكەنەوەو كاتی بۆ بكڕن، پاش ئەوەش روسەكان پشتیوانییان كرد، بەڵام راستییەكە هەر وەك خۆی مایەوە: ئەم رژێمە مردوە."
جۆلانی پێشی وایە "لەگەڵ كەوتنی رژێمی سوریا، كێشەی بونی هێزی بیانی لەو وڵاتە چارەسەر دەبێت و پێویست بەوە ناكات هیچ هێزێكی بیانی لە سوریا بمێنێتەوە."
لەبارەی مەترسی رێكخراوەكەی كە بە رێكخراوێكی توندڕەوی ئیسلامی ناسراوە، جۆلانی باسی لەوە كردوە كە دەكرێت لە هەر كاتێكدا دەستەی تەحریری شام هەڵبوەشێنرێتەوە، "رێكخراوەكە ئامانج نییە، بەڵكو ئامڕازە بۆ ئەركێك: روبەڕوبونەوەی ئەم رژێمە."
جۆلانی لەگەڵ هەوڵەكانی بۆ دورخستنەوەی گروپەكەی لە رێكخراوی قاعیدە، بەڵام لە ساڵی 2018دا ئەمریكا دەستەی تەحریری شامی وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی ناساندوەو 10 ملیۆن دۆلار خەڵاتی داناوە بۆ ئەوەی كە لەبارەیەوە زانیاری دەدات.