ئەبو محەمەد جۆلانی، سەرۆكی دەستەی تەحریری شام پەیامێك ئاڕاستەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات و داوای لێدەكات رێگری بكات لەوەی حەشدی شەعبی دەستوەردان لە دۆخی سوریادا بكات.
ئاوێنە: ئەبو محەمەد جۆلانی، سەرۆكی دەستەی تەحریری شام لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا باس لەوە دەكات كە ئاگادارن لەلای هەندێك لە سەركردە سیاسییەكانی عێراق نیگەرانی دروست بوە لەبارەی ئەوەی كە "لە سوریا رودەدات دەگوازرێتەوە بۆ عێراق." و دەڵێت"من بەپێداگرییەوە دەڵێم، ئەو شتە لەسەدا سەد هەڵەیە."
سەرۆكی دەستەی تەحریری شام هێرشی گروپەكەی و گروپە چەكدارەكانی دیكە لە سوریا بە "شۆڕشی گەل" ناودەبات لە دژی "ستەمی رژێمی بەشار ئەسەد" و دەشڵێت"شۆڕش لە سوریا هیچ پەیوەندییەكی بە دۆخی ناوخۆی عێراقەوە نییە. بەپێچەوانەوە شۆڕش چاوی لەوەیە كە پەیوەندی ستراتیژیی سیاسی و ئابوریی و كۆمەڵایەتیی دوقۆڵی پتەوی لەگەڵ عێراق هەبێت لەدوای روخانی رژێم و دامەزراندنی سوریای نوێ."
ئەبو محەمەد جۆلانی وتوشیەتی"تكامان لە سەركردە عێراقییەكان لەسەرو هەمویشیانە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران ئەوەیە كە نەهێڵێت عێراق بگلێت لەو شتە پوچانەوەو رێگری بكات لە ناردنی حەشدی شەعبی بۆ سوریاو بە ئەركی خۆی هەڵسێت لە رێگریكردن لە حەشدی شەعبی لە دەستوەردان لەوەی كە لە سوریا رودەدات."