سوپای سوریا كشانەوەی هێزەكانی لە شاری حەما راگەیاندو شارەكە كەوتە دەست گروپە چەكدارەكان
  2024-12-05       389       

سوپای سوریا رایگەیاند كە هێزەكانی خۆی لە شاری حەما كشاندۆتەوە بۆ دەرەوەی شارەكە، ئێستا شارەكە لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی تەحریر شام و گروپە چەكدارە هاوپەیمانەكانیدایە.

ئاوێنە: سوپای سوریا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، لەدوای شەڕو پێكدادانێكی سەخت، "لەپێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی و رێگەگرتن لە دروستبونی شەڕی نێو شار"، هێزەكانیان لە شاری حەما كشاندۆتەوە بۆ دەرەوەی شارەكە.

هاوكات ئیدارەی هێرشەكانی گروپە چەكدارەكان رایگەیاندوە كە شاری حەماو زیندانی ناوەندیی شارەكەیان كۆنترۆڵ كردوەو سەدان زیندانیان ئازادكردون.

هێرشی گروپە چەكدارەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی شاری حەما دو رۆژ لەمەوبەر دەستی پێكرد، ئەوەش لەدوای كۆنترۆڵكردنی لەناكاوی شاری حەڵەب لەلایەن ئەو گروپانەوە لە هەفتەی رابردودا.

شاری حەما دەكەوێتە دوری 110 كیلۆمەتر لە باشوری حەڵەب و بەهۆی پێگەی لە پاراستن و بەرگریكردن لە دیمەشقی پایتەخت، بۆ سوپای سوریا گرنگیەكی تایبەتی هەیە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×