وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بڵاوی كردەوە، سزایان بەسەر ٣٦ دامەزراوە و كەشتیدا سەپاندووە، كە هاوكاری گواستنەوەی نەوتی ئێرانیان كردووە، دەشڵێن، ئەمریكا پابەندە بە كەمكردنەوەی سەرچاوەكانی داهاتی ئێران.
ئاوێنه: وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەبارەت بە سەپاندنی چەندین سزای نوێ بەسەر ئێراندا، بەمەبەستی كەمكردنەوەی سەرچاوەكانی داهاتی ئەو وڵاتە، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، سزایان بەسەر ٣٦ دامەزراوە و كەشتیدا سەپاندووە، كە هاوكاری گواستنەوەی نەوتی ئێرانیان كردووە، هاوكات ئێران داهاتی نەوت بۆ پڕۆگرامی ئەتۆمی، مووشەك، فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، پشتیوانیكردنی گرووپ و هاوبەشە چەتەكانی و نانەوەی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەكاردەهێنێت.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئەمریكا پابەندە بە كەمكردنەوەی سەرچاوەكانی داهاتی ئێران، كە لە چالاكییە شەڕانگێزییەكانیدا بە كاریدەهێنێت، تا ئەو كاتەی ئێران داهاتی وزەكەی بۆ هێرشكردنە سەر هاوپەیمانەكانمان و پاڵپشتیكردنی تیرۆریزم لە سەرانسەری جیهان و ناسەقامگیركی تەرخان بكات.
جێگای ئاماژەیە، سەرەتایی ئەم هەفتەیە ئێران لەگەڵ سێ وڵاتی ئەوروپی كۆبوویەوە بە مەبەستی ڕێككەوتن لە سەر كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆنم، بەڵام ئێرانییەكان پێیان وایە، ئەو كۆبوونەوانە بەبێ ئەمریكا هیچ ئەنجامێكی نابێت.