ڕادیۆی ئازادی ئەفغانستان بڵاوی کردەوە، بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی تاڵیبان خوێندنی ژنان و کچان لە پەیمانگای بواری مامانی و پەرستاری قەدەغە کرا، دەشڵێن، ئەگەر قەدەغەکردنەکە لە ناوەندە پەروەردەییەکاندا جێبەجێ بکرێت ئەوا ڕێژەی گیانلەدەستدانی دایکان و منداڵان زیاد دەکات.
ئاوێنە: ڕادیۆی ئازادی ئەفغانستان لە ئەوروپا لەسەر زاری بەرپرسانی سەنتەرەکانی ڕاهێنانی پەرستاری و مامانی لە ئەفغانستان سەبارەت بە دەرکردنی بڕیارێکی نوێ بۆ خوێندنی ژنان و کچانی وڵاتەکە لە لایەن تاڵیبانەوە بەمجۆرە زانیارییان خستوەتەڕوو.
لە هەواڵەکەدا هاتووە، بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی تاڵیبان خوێندنی ژنان و کچان لە پەیمانگای بواری مامانی و پەرستاری و زانستی قەدەغە کران و لە ڕۆژی سێشەممە لە ٣ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵەوە بڕیارەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە لایەن وەزارەتی تەندرووستیی ئەفغانستانەوە پەیمانگاکان ئاگادار کراوەنەتەوە کە وانە وتنەوە لەو بوارانەدا قەدەغە کراوە. هەروەها ئەگەر قەدەغەکردنەکە لە ناوەندە پەروەردەییەکاندا جێبەجێ بکرێت ئەوا لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕێژەی گیانلەدەستدانی دایکان و منداڵان زیاد دەکات.
هاوكات، بە پێی ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندرووستیی ئەفغانستان، ٣٣ هەزار و ٥٠٠ خوێندکاری کچ و ژن لە سەنتەرەکانی مامانی و پەرستاری لە ئەفغانستان دەخوێنن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ٢٢ـی ئابی ئەمساڵدا، حکومەتی تاڵیبان یاسای “بەرزکردنەوەی چاکە و نەهێشتنی خراپە”ـی پەسەند کرد، کە لە ١٤٤ لاپەڕە و ٣٥ ماددەی یاسایی نوێ پێکهاتووە، ئەم یاسایە زیاتر تیشک دەخاتە سەر بەشداری ژنان، داپۆشینی تەواوی دەموچاو، تەنانەت دەنگی ژنانیش بە “ورژێنەر” دادەنرێت و شاردنەوەیان بووەتە زۆرەملێ، ئەم یاسایە لە چوار بەش و ٣٥ ماددە و زیاتر لە ١٠٠ لاپەڕە داڕێژراوە. کە ئەوەش ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی نێودەوڵەتیی بووەتەوە.