میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە شاری دیمەشق لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆککۆماری سووریا، کۆبوویەوە و تێیدا وەزیری دەرەوەی ئێران پاڵپشتی خۆی بۆ سووپا و دەوڵەتی سووریا دووپاتکردەوە.
ئاوێنە: میدیاکانی ئێران سەبارەت بە کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆک کۆماری سووریا لە دیمەشق بڵاویان کردەوە، عەباس عێراقچی لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ بەشار ئەسەد باسی لە هەڵوێستی نەگۆڕی ئێران بۆ پشتیوانیی تەواوەتی لە سووپا و دەوڵەتی سووریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرووپە چەکدارەکان و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا کردووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە، جموجوڵی ئەم دواییەی گرووپە چەکدارەکان بەشێکە لە پیلانگێڕیی نەیارانیان بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە و شاردنەوەی شکستەکانی ئیسرائیل.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتوشیەتی، ئێران بە تەواوی پشتیوانی لە سووپا و دەوڵەتی سووریا دەکات و ئەسەدیش باسی لەوەكردووە: بە پشتیوانیی هاوپەیمانەکانمان ڕووبەڕووی گرووپە چەکدارەکان دەبینەوە.
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەکردووە، سووریا وەک ڕابردوو بەسەر گرووپە چەکدارەکاندا سەردەکەوێت و ئێرانیش بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیی تەواوەتی سووریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرووپە چەکدارەکان.