لە رۆژی چوارشەممەوە چەكدارانی دەستەی تەحریری شام و گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی، دەستیان كردوە بە هێرشكردنە سەر سوپای سوریا لە ناوچەكانی رۆژئاوای باكوری ئەو وڵاتە و بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان چەكدارەكان توانیویانە رێگەی سەرەكی نێوان دیمەشق و حەڵەب كۆنترۆڵ بكەن و ئەمڕۆش نزیك بونەتەوە لە دەروازەكانی شاری حەڵەب.
ئاوێنە: بەپێی روانگەی سوری لە شەڕەكاندا تاوەكو ئێستا 182 چەكداری دەستەی تەحریری شام و گروپەكانی دیكە كوژراون و هەروەها 61 سەربازی سوریاو چەكداری هاوپەیمانی سوپای سوریا كوژراون.
هەروەك روانگەی سوری ئاماژەی بەوەشداوە كە لە شەڕەكاندا 19 كەسی مەدەنیش بەهۆی بۆردومانی روسیاوە بۆ سەر گوندەكانی دەوروبەری حەڵەب و ئیدلب كوژراون.
هەروەها لە شەڕی حەڵەبدا وەك میدیای رەسمی ئێران ئاماژەی پێداوە فەرماندەیەكی باڵای سوپای پاسداران كوژراوە.
رۆژی چوارشەممە، گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە سەرۆكایەتی دەستەی تەحریری شام لە باكوری رۆژئاوای سوریا دەستپێكردنی هێرشێكی سەربازییان لەدژی هێزەكانی سوپای سوریاو میلیشیاكانی نزیك لە ئێران لە دەوروبەری حەڵەب راگەیاند.
حەسەن عەبدولغەنی، وتەبێژی "ئیدارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان بۆ شەڕی راگرتنی دەستدرێژییەكان" رایگەیاند، ئامانج لە هێرشەكەیان "لێدانی گورزێكی پێشوەختەیە لەو هێزانەی كە سوپای سوریا و گروپە چەكدارەكانی پشتیوانی سوپاكە كۆیان كردونەتەوە"و وەك ئەو دەڵێت "هەڕەشەن بۆ سەر ناوچە ئازادكراوەكان."
هێرشەكەی دەستەی تەحریری شام و گروپە چەكدارەكان، ناونراوە "راگرتنی دەستدرێژییەكان" و لەلایەن ژورێكی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشەوە لەژێر ناوی "ئیدارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان"دا بەڕێوەدەبرێت كە دەوترێت پەیوەندیدارە بە رێكخراوی "فەتحولمبین"ی سەربە دەستەی تەحریری شام.
دەستەی تەحریری شام كە سەركردایەنی هێرشەكان دەكات، پێشتر لەژێری ناوی بەرەی نوسرەدا كاری دەكرد كە ئەو رێكخراوە سەربە رێكخراوی قاعیدە بو. دەستەی تەحریری شام بەشێكی زۆری ناوچەكانی پارێزگای ئیدلبی لە باكوری سوریا لەژێر دەستدایەو ئەبو محەمەد جۆلانی سەركردایەتی دەستەكە دەكات كە پێشتریش هەر ئەو سەركردایەتی بەرەی نوسرەی دەكرد.