لەبەریتانیا بەتۆمەتی چالاكی‌و ‌ لایەنگری بۆ پەكەكە ژمارەیەک كورد دەستگیرکران
  2024-11-28       168       

ئا: كاوە ڕەش، بەریتانیا 

 

پۆلیسی شاری لەندەن ڕایگەیاندوە، سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە،  حەوت کەس لەلایەن پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە لە لەندەن، بەتۆمەتی چالاکی گومانلێکراو کە پەیوەندییان بەپارتی كرێكارانی كوردستانەوە هەیە،  دەستبەسەركراون. بەپێی ڕاگەیاندنی پۆلیس، پارتی كرێكارانی كوردستان، لەووڵاتی بەریتانیا پارتێكی قەدەغەکراوە.

 

پۆلیسی لەندەن دەڵێ "دەستگیركراوەكان پێكهاتوون لەحەوت كەس، كە دوو ژن تەمەنیان ٥٩ و ٣١ ساڵ و چوار پیاو، تەمەنیان ٢٧ و ٦٢ و ٥٦ و ٢٣ ساڵە، لەچەند ناونیشانێكی جیاواز دەستگیرکراون. هەموویان بەپێی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر دەستبەسەرن".

پۆلیسی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر ئاماژەی بەوەش کردووە، پێناچێت دەستگیركراوەكان هیچ هەڕەشەیەکی دوورو نزیکیان بۆ سەر خەڵک و ئاسایشی بەریتانیا هەبێت، بەڵكو ئەوان ئێستا پەیوەست بەچەند  بابەتێك لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو كەسانە دەكەن.

تۆری هەواڵی بی،بی،سی بڵاویكردۆتەوە، پۆلیس تا درەنگانی شەوی چوارشەممە، سەنتەری ڕەوەندی كوردیی لە"هێرنگی لەندەن داخستوە لەچوارچێوەی گەڕان و لێكۆڵینەوەكانی . لەبەرامبەردا بەسەدان كوردلە  لەندەنی پایتەخت و لەنزیك سەنتەری ڕەوەندی كوردیی گردبونەوە ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر گەمارۆدانی سەنتەرەكەو دەسگیركردنی ئەو حەوت چالاكوانە دەربڕی.

بەپێی وێنەو گرتە ڤیدیۆییەكان، گرژی لەنێوان خۆپێشاندەرانی كوردو هێزەكانی پۆلیس، تادرەنگانی شەو بەردەوام بووە، بەو هۆیەشەوە پۆلیس چوار خۆپیشاندەری دەست بەسەركردوە.

بەپێی لێدوانی پۆلیسی سكۆتلاند یارد، گەڕان و لێكۆڵینەوەكان لەگەڵ ئەوانەی تۆمەتبارن بەچالاكوان و ئەندامی پارتی كرێكارانی كوردستان بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام دەبێت.

لەلێدوانێكدا بۆ ڕاگەیاندنەكان، ئحسام میلانی، ئەندامی سەنتەری كۆمەڵایەتی كوردی لە لەندەن دەڵێ "هەڵكوتانە سەر سەنتەری ڕەوەندی كوردیی ناڕەواو نایاساییەو بەتەنها دەستدرێژی  شەڕەنگێزی كردن نیە بۆ سەر گەلی كورد، لەو وڵاتە، بەڵكو سووکایەتیکردنە بەبنەماکانی دیموکراسی و دادپەروەریی و مافەکانی مرۆڤ، کە بەریتانیا بانگەشەی بەرزڕاگرتنی دەکات".

لەوەڵامی ناڕەزایی ڕەوەندی كوردیی، پۆلیسی لەندەن ڕایگەیاندوە "ئەمە هەڵمەتێكی دەستگیرکردنی ئامانجدارە بۆ ئەو کەسانەی کە گومانیان لێدەکرێ دەستیان لەچالاکییە تیرۆریستییەکاندا هەبێت، کە پەیوەندییان بەو گروپەوە هەیە".

هێلین فلاناگان، ئەفەسەری پۆلیس دەڵێ "ئێمە تێدەگەین کە ئەم دەستگیرکردنانە هەندێک نیگەرانی لەنێو ڕەوەندی ناوخۆییدا دروستکردووە، بەتایبەتی ئەوانەی لەڕەوەندو کۆمەڵگەی کوردەكاندان، بەڵام 

دەستگیرکردنەکان لەسەر چەند  تۆمەتێكی زۆر جدیی دێت، دوای لێکۆڵینەوەكانمان.  ئەو هەڵمەت و بەدواداچوون و چالاکییە تایبەتە بۆ پاراستنی هەموو پێکهاتەکانمانە لەبەریتانیا، بەتایبەتی ئەوانەی لەپێکهاتەی ڕەوەندی  تورک و کوردن".

هاوكات پۆلیس، ئاماژەی بەوەشكردوە، لەگەڵ لێكۆڵینەوەكاندا، ئەفسەرانی پۆلیس بەردەوام دەبن لەدانیشتن و كۆبونەوە لەگەڵ ئەندامانی ڕەوەندی كوردیی، هەروەها پۆلیس و هێزی زیاتریش لەنزیك سەنتەری كۆمەڵایەتی كوردی جێگیر دەكرێت، بۆ ڕوونەدانی هیچ ڕەوشێكی نەخوازراو.

جێی ئاماژەپێدانە بەشێكی زۆری ڕەوەندی كوردیی باكوری كوردستان،  لەشاری لەندەن نیشتەجێین و خاوەنی كاری بازرگانی و چەندین پیشەی جیاوازن، لەگەڵ ئەوەش دەورو كاریگەری گرنگ و بەرچاویان هەیە لەناڕەزایەتی و چالاكیەكانی پەیوەست بەكوردانی هەر چوار پارچەی كوردستان.

پارتی كرێكارانی كوردستان، لەساڵی هەشتاكانەوە دژی دەوڵەتی تورك، دەجەنگێ و خەبات دەكات، لەپێناو  بەدیهێنانی ماف و داخوازییەكانی گەلی كورد لەتوركیا.

بەڵام بەهۆی باڵادەستی توركیا لەكۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بەرژەوەندی وڵاتە زلهێزەكان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی توركیا، هەریەكە لەبەریتانیاو ئەمەریكا، پارتی كرێكارانی كوردستان، وەك ڕێكخراوێكی قەدەغەكراو نایاسایی دەناسن و كارو چالاكی مەدەنی و سیاسیان لەوڵاتەكانیان لێ قەدەغە كردون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×