ڕەشاد - مستەفا سوڵتانی
گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی (ئاگوست ٢٠٢٤ ی زاینی)
Eulogizing Life
Experiences of a writer
By : RAFIQ SABIR
ساڵی ٢٠٢٣ ی زاینی کتێبی " لە ستایشی ژیاندا " لە وەشانخانەی چوار چرا لە چاپ دەر هات و بڵاو بوەتەوە. سەرجەم کتێبەکە لە یازدە کاپیتاڵ پێک هاتوە و ٥٠٩ لاپەڕەیە . هەشت بەڵگە نامە بە وێنەوە و بەشی بەرهەمەبڵاو کراوەکانی نووسەریش دەگرێتە بەر. جەناب ڕەفیق سابیر وەک شاعیر و نووسەرێکی ڕئالیست ئامانجەکانی بە جوانی پێکاوە و لە گەڵ شاخ و باخی کوردستان باڵای کردووە . خاڵی ڕێزلێگیراوی وتارەکانی نووسەر لە چوار چێوەی تەسکی حیزبی خۆی ئەسیر و نە کردووە . تائەو ئاستە وتارەکان ناسک و دڵڕفێنن کە خوێنەر ئاویزانی دەقەکان دەکات و، پاراگرافەکان و وتارەکاندا مێشکی خوێنەر داگیر دەکات . وتارەکان ئاوێنەی تیشکاوێژی پەخشانێکی ناسکن کە وەک ئاسن ڕفێن خوێنەر بەرەو خۆی کێش دەکات .پەخشانێک کە لە خەرمانی سوور دەچێت و دەوڵەمەند و لە بەردڵانە. لە بواری ڕێزمانی مۆرفیم ،فۆنیم ، سینتاکس و پێک هاتەی ڕەستە و داڕشتن و ڕێنوسەوە لە جێگای شیاوی خۆیاندان. ناسک وێژی و شێوازی نووسینی وتارەکان بلاوین وسەرکەوتوە .بە چەند کۆپلە هۆنراوە پەخشانەکەی ڕازاندوەتەوە . وتارەکان تاڕادیەک بەرەو سنووری بیرەوەری هەنگاویان ناوە . لە شێوازی فورمی ئێرۆنی و میتافۆرکەڵکی چاکی وەر گرتوە . ئەزمونەکان لە درامایەکی تراژیدی دەچن . سەرجەم کتێبی ( لە ستایشی ژیاندا ) بە هەر پێوەر و لە هەر گۆشە نیگایەکەوە هەڵسەنگێندرێ ،وبێگومان کەسێک بیەوێت لە نرخی گرانبەهای ئەم کتێبە داشکێنێ و کەم کاتەوە ناتوانێ . ئەگەرچی بۆ هەڵسەنگاندنی کتێبی بە نرخ ، پێوەری زۆر وردپێویستە بەڵام شیکاری من لە پاڵێو و سۆزمەی ویجدانەوە تێپەڕیوە . جەناب ڕەفیق سابیر کاراکتری نووسەرێکی ئومانیست، خۆ نەویست و خاکە ڕای هەیە . گوڵی لە دەس چووی لاوی لە تاراوگە ژاکا. بەو هیوایە ڕووباری پڕ شەپۆلی زانیاریەکانی نووسەر بەردەوام و خامەی وشکاوی نەیەت . لە سایشی ژیاندا کتیبێکی گرانبەهایە و خوێندنەوەی بە هەموو ڕێبورانی ڕێگای ئازادی وناس و نەناس و هەموو دیموکراسیخوازان پێشنیار دەکەم.
...................................................................................
نوێخواز،بنەماشکێن و سیکۆلار : هزری پێشکەوتوو دیواری تاریکی کون دەکات و لە هەمان کاتدا بەرد دەشکێ بەڵام بیری نوێ ناشکێ و تاریکی لە کازیوەدا بار دەکات . لە دەق و ناوەڕۆکی وتارەکان کاتگۆری نوێخوازی و بیرو هزری مۆدێڕن بە ئاشکرا دیارە وپەیامەکان تراویلکە و سەرابێکی بیابان نین. خامەی نووسەر کۆد شکێن و ڕئالیستی و وەک ئاوڕوونکەرەوە ئارامی نیە و تا دواهەناسە داناساکێ. نووسەر لە گەڵ کاتگوری و پەتاو مەیـڵی خۆ سانسور کردن بیگانەیە. بەڕاشکاوی وبەشێوەیەکی مکوڕ و دڵگیر هەموو ڕاستیەکان باس دەکات ، چونکوو سادیق و متمانەی بە خۆهەیە ، ترس و بەرژەوەندی تاکەکەسی و حیزبی نەیانتوانیوە بە سەر ئەندیشە نووسەردا زاڵ بن و شێلگیرانە خۆی لە قەرەی دیاردەی سکتاریزم وسانسور نەداوە . تەنانەت ئەڤین و خۆشەویستی و جێژوانی کچان و کوڕانی نێو حیزبی شیوعی بە ڕاشکاوانە باس کردووە. و هزر و بیری لێڵ و تەم گرتوو و گۆشە نیگای تاریک و کۆنخوازی بەرپرسانی حیزبی شی دەکاتەوە و پەردە لە سەر ئاسۆی فیکریان لا دەبا
************************* .
٢ - هەڵسوڕان لە پارلەمانی باشور: پارەلەمانی باشور هەرگیز نەیتوانی دەوری مێژوویی خۆی وەک ئورگان و ئامێرێکی عەدالەتخواز و دیموکراسی پارێز نیشان بدات و هەنگاوی بۆ هەڵگرێت . و هەرگیز وەک مێدیایەکی نیشتمانی کارا نە بووە . زۆرتر لە داهۆڵێک دەچوو کە دوو حیزبی یەکێتی و پارتی وەک دیوجامە بۆ کپ کردنی دەنگە ڕادیکاڵەکان لە پێڤاژەری بەرژەوەندی بەرتەسکی حیزبی وەک ئامێری سەرکوت بەکاریان هێنا . پارلەمان لە بەستێنی یاسا دانان و و پشتیوانی لە مافی ژنان وشارۆمەندان سەرنەکەوتوو بوە . گۆمی لێڵی حیزب حیزبینە سیستەمی حکومەتی باشوریان بەرەو دوو ڕەوەندی کلیپتۆکراسی و هیپۆکراسی پاڵ پێوەنابوو . لە کوردستانی شەڕ لێدراو و بەر کارەسات کەوتوو هیواکان وشادی و پێکەنێنی شارۆمەندان بار دەکەن . مافی ژنان و کچان هەرگیز لە پارلەماندا پارێزراو نە بوو . و موخالیفی گەندەڵی و گەندەڵکاری و پیاوسالاری نە بووە و کولتوری ڕفێن ڕفێنیان داسەپاندبوو. ئەندامانی لایەق و خۆنەویست و دەس پاکی پارلەمان لە بارودۆخی غەیرەسیاسی و ناڕەوای حیزبایەتی هەڵۆ گیر و گیرۆدە بوون و، بزە لە سەر لێوانیان تاسابوو. دەسەڵاتی باشور شکۆی پارلەمانیان ئەتەک کردو شکاند. وئابوری باشوریان بە کۆمەڵگایەکی " بەرخۆر " گەیاند . ئەندیشەی تاریک هەر ئەوە نیە کە دژایەتی زانست دەکا ،تاریکی بیرە ، ڕەوشتە و ڕەفتارە . شارۆمەندانێک کە بە مرۆڤە گەندەڵەکان دەنگ دەدەن ، شەریکی تاوانێکی گەورەن. دیوارە تەنراوەکانی سانسور بەسەر ئەندامە خۆبەخش و پاکی پارلەماندا زاڵ بوو ، کە لە گەڵ هەڵویستی ڕئالیستی نووسەر یەکیان نە گرتوەتەوە و ئارەزوومەندانە دەستی لە کار کێشاوە
******************************** . .
٣- هەڵویستی ناڕەوا و کۆنەپارێزانەی بزافی چەکداری
لە ئاستێکی دڵشکێن بزاڤی چەکداری حورمەت ، عەدالەت و دیموکراسی بۆ شارۆمەندی کورد لە بەرچاو نەگرتوە وبە بیر و باوەڕی ژەنگ هەڵگرتوو هەڵویستی نەشیاو و ڕەش تر لە ڕەشیان هەڵبژاردووە . .
کوشتنی ژنان و کچان ، سەرتاشین ، لووت بڕین ، سوکایەتی و ئیهانە بەژنان تاوانە و پێشمەرگە لە شاری قەڵادزی ئەم تاوانانەی کردووە. مرۆڤدۆستان و ئازادیخوازان هەرگیز لەم تاوانانە پشتیوانی ناکە ن و نەفرت و بێزاری خۆیان دەربڕێوە . بنەماڵە و کەس و کاری ژنان و کچانی پەشێو ، دڵپڕ، ئەتککراو، دڵ شکێندراو و ئازاردیتوو لەداخی پێشمەرگە ناجوامێرەکان سەری خۆیان هەڵگرتوە و دەڤەرەکەیان بەجی هێشتوە و تووشی شۆکی دەرونی و تراوما هاتون. بیر هێنانەوەی ئەم کارەساتانە هەستێکی خەم ئامێز دەخولقێنێت و ویجدانی مرۆڤ دادەگرێ و کۆبیری جەماوەری ئازار دەدات . مرۆڤایەتی لە کارەساتی شەڕی پشت ئاشان و قرناقا شەرم دەکات . کە مەرگ لەو کارەساتە خوێناویە سەمای کردووە . .هاواری ژنانی و پیاوانی ئاشوری ، کورد وعەرەب گوێ ئاسمانی کڕ کردووە . ئەوان بە جل و بەرگی کوردیەوە خەباتیان دەکرد و تیرباران کران و گؤرەکانیان بزرو گومن. ئەوان پەنابەری خاکی کوردستان بوون و بە جل و بەرگی کوردیەوە خەباتیان دەکرد و کۆمەڵکوژ کران . لە پشت ئاشان و قرناقا نزیکەی ٧٠ کادیر و پێشمەرگەی شیوعی بەدەستی یەکێتی تیرباران کران . لەم کێشە پڕ ئێشەدا پەیکەریان لە گوللە ئاژن ئاژن کرا . بیست دیل تەحویلی جەناب کاک ئازاد هەورامی دراوە ، بەڵام کردەوی جوامێرانەی کاک ئازاد ئەوانی لە نەمان و مەرگ ڕزگار کردووە و خۆی لەو تاوانە مێژووییە نەگلاندووە و هێجکامیان تیرباران ناکات . دوازدە کادیری خوێندەوار و ئاکادمێک کە لە ڕوسیاوە بۆ کوردستان دەگەڕانەوە بە دەستوری پارتی لە بادینان دیل و ئەسیر و تیرباران کران. لە پێڤاژەی تاوانەکان شڵپەی خوێن لە ڕۆخی پەیکەر و لەشەوە ، دەگەیشتە ئاسمان . ئایا ڕێباز و قیبلەنمای حیزبەکان دوکتورینی مائوتسەتونگ بووە؟ کە لە کتێبی سووردەڵێت
::دەسەڵات و هیژمونی سیاسی لە لولەی تفەنگ دێتە دەرەوە . کە ڕاسپاردە ودەربڕینێکی کورتە و ئافۆریزم نوێنەرایەتی دەکات . ئایا بەرپرسانی کارەساتە خوێناویەکان تاوانشیای سزا نین ؟
***************************************
٤ - حیزبایەتی تۆخ لە ڕۆژهەڵاتی ناوین : حیزبەکانی رۆژهەڵاتی ناوین دیواری حیزبیان لە دیواری وڵاتی چین دریژ تر و پان ترە وڕێبازیان تا ئاستێکی فراوان کۆنباو و کات بەسەر چووە .حیزبەکان بەڕاستی داڕماون و لە باتی حوکمڕانی، حیزب ڕانی دەکەن. نامەی بە ناو بانگەکەی جورج واشینگتون سەبارەت بە دیوار حیزبی لە نێوان دەوڵەت و کەنیسە لە مێژوودا تۆمار کراوە و گرانبەها و ڕێزلێگیراوە . حیزبایەتی لە لایەن زڕە ڕووناکبیرانەوە و لە سەر بنەمای قازانجی تاکە کەسی و بنەماڵە و حیزب هەڵدەسوڕێت . و بەرپرسیارەتی نەگۆڕی ئەم حیزبانە تا لێواری مەرگ بەردەوامە . سکرتیری هەوەڵی حیزب بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە سەر کورسی داتەپێوە . لەم شێوە حیزبایەتیە تەسفیە ، کپ کردنی دەنگی نەیاران بە هەر نرخێک باوە و بەرپرسان لە بەرانبەر ئەندامانەوە ڕەوشت بەرز و دلۆڤان نین . لەو سیستەمەدا ئەگەر کوڕ و کچێک ئەڤینداری یەکتر بن میوانی بەرد بارانن . تەسفیە و پەتای حیزبی، پاڵاوتن و کپ کردنی دەنگی نەیاران بە نهێنی و ئاشکرا لەو حیزبانە بەڕێوە دەچێت . پێویست بوو تاوانەکانی حیزبە سەرەڕۆکانی باشور کە ئەندامان و کادیری حیزبەکانی تر وحیزبی شیوعیان تیرباران کردووە ، دیکۆمینت کرێن ، تا لە کاتی مێژووی خۆیدا تاوانباران سزا درێن. سکوتی مێژوویی سەبارەت بە تیروری جەعفەری شەفیعی ( دوکتور) سەدیقی کەمانگە ( داد یار ) و فوئاد- مستەفا سوڵتانی ( ئەندازیار) و قەڵاچو کردنی گوردانەکانی کۆمەڵە ناڕەوایە و پرنسیبی بەرز نێشان نادات ،کە هەر گیز ئەو تاوانانە ئارشیو و دیکۆمینت نەکراون . کە برینێکی چڵکنی لە سەر دڵی ئازادیخوازانی کوردستان بە جێهێشتوە . بەڵام تاوانبارانی نازیزم و فاشیزم کە تەمەنیان بەدەروازی پیری گەیشتوە چونکوو دیکومێنتیان ئارشیو کراوە ئێستاش لێپرسینەوەیان لێ دەکرێ و وەک تاوانبار بە بیر و ڕای گشتی جیهان دەناسرێن .. ئەگەر حیزبی چەپ ئاژوو بێت ، ناڕەوایی و سووک کردنی نەیاران لە چڵەپۆپەدایە . نمونەی مێژوویی حیزبی کۆمونیستی ئێران ، شیوعی عێراق ، حیزبی کۆمونیستی تورکیا و شیوعی سووریا ، کە هێجکامیان لە بواری وەفاداری و پاراستینی مافەکانی گەلی کورد باجی سەربەرزیان نە داوە و بۆ نەتەوەکانی خاوەن حکومەت وەک تورک و فارس و عەرەب خزمەتی خۆڕاییان کردووە . بەڕژەوەندی وڵاتانی عێراق و ئێران لە لایەن حیزبی شیوعی و کومونیستی ئێرانەوە بان تر و گرینگ تر لە بەرژەوەندی ڕەنجدەرانی کوردستان بووە و هەیە ،کە ئەو هەلویستە سەقەتە کاردانەوەی نیگەتیڤ و ناهومێدی و واز هێنان لە خەباتی بۆ گەنجانی کورد بەدیاری هێنا . ڕێبەرانی حیزبەکلاسیکەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین ، دارمان و داتەپینی ڕووسیا کە هەرەسی هێنا و ڕێفۆرمەکانی جەناب گوڕباچۆف پرێستۆریکا و گلاسنۆس دەرسی عیبرەەتێک نەبوو . هەموو ئەندیشەکانی لنین و مارکس پێداچونەوەی پێویستە ،چونکوو لە سەر بناغەی گۆڕان دامەزراون . ڕێبەرانی کۆمەڵە متمانەیان بە خۆیان نە بوو و لەو پێڤاژەیەدا قەڵای کۆمەڵەیان تەحویلی حیزبی کومونیستی ئیران دا، کە ئەم حیزبە تان و پۆ ئاوریشمە ناسیونال – شوینیزمی ئێرانی نوینەرایەتی دەکرد ودەکا . لە حیزبی کومونیستی ئێران حورمەتیک لە بیرجیاوازانی کورد، کە خێر خوازانە ودڵسۆزانە تەرجومەیەکی تریان لە کێشەی کورد هەبوو نەگیرا . بیر و ڕای تەسکبین و تەماوی خۆیان سەبارەت بە پرسی نەتەوەی کورد، لەسەر بنەمای زانست و کۆمەلناسی هەڵنەچنرابوون .لە ئوروپا و کوردستان چەندین ئەندامیان کە پاک تر ، مکوڕ تر ، لێبڕاوتر ، سادیق تر و لایەق تر بوون بێشەرمانە دەر کران. ئەم حیزبە ئەزموون و تەجروبەیەکی هەرەس هێناو و شکست خواردوو بوو و ،پێی وا بوو لە نزیک کێوی ئاسنگەران ولای گوندەکانی مالومە وچوخماخ و باشوری کوردستان و دوور لە چینی کرێکاری و ڕەنجدەرانی ئێران دەتوانی چینی کر ێکار ڕزگار بکات . بیر و هزری موژیکی * هەندی لە ڕێبەرانی شیوعی و حیزبی کۆمو نیستی ئێران کە موخالیفی کادیرە لایەق وبیر جیاوازانی کورد بوون، زەرەرەی قورسی لەخەباتی نەتەوەیی و چینایەتی گەلی کورد دا . ملکچی لە بەرانبەرڕێبازی حیزبی بەعس کە موخالیفی پێکەوە ژیانی شارۆمەندانی باشور و ڕۆژهەڵات بوو ، وەک دیاردەی تێنەگەیشتووی کۆمەڵایەتی و ئاستی خوارەوەی لێکدانەوەی سیاسی ئەو حیزبانە خۆی پێناسە دەکرد کە شیاوی ڕێز لێگرتن نەبوو و نیە . حورمەتێک بۆ مرۆڤە بیر جیاوازە دڵسۆزەکان دانانین و تەرجومەیەکی تر لە مافی گەلی کورد بە سیمای ئینسانی و دلۆڤانیەوە وەر ناگرن
******************************.. .
٥- ئاسیمیلاسیون و ڕوانگەی ژیئوجیوگرافیایی :
نووسەر بارودۆخی خەڵکانێک لە نیرویژ بە ناوی : تاتی * یەکان باس دەکات . کە دەسەڵاتی سیاسی نیڕویژ ویستویەتی ئەم خەڵکانە لە نیو کۆمەلگای نڕویژدا بتوێنیتەوە و ئاسەواری کولتوری و فەرهەنگی و موسیقایی و زمانیان تێک بدا و لە کۆمەڵگای نیرویژ نقوم بن . تا کۆمەڵگای نیرویژ هۆمۆژەن، هاوسەناگ ولێک چوو بێت .دەسەڵاتی سیاسی نیڕویژ ستەم و تاوانێکی لە ئاستی بەرزدا بە نیسبەت خەڵکی تاتی کردووە ونووسەر پەردەی لەسەر ئەم تاوانە هەڵماڵیوە . و لە دەقی وتارەکاندا و لەبواری ژیئوجیوگرافی و هەڵکەوتەی وڵاتانی چکۆلە وگەورەوە ، زانیاری پێوست پیشکەش بە خوینەر دەکات . کە نووسەرانی تر کەمتر ئەم دیاردەیە ڕچاو دەکەن . وەک ناساندنی دەڤەرەکانی باشوور ،بارودۆخی کابل ، ئەفگانستان ، ئێران ، عێراق، گورجستان ، بولغارستان ، ڕووسیا ، یەمەنی باشوری و بەتایبەت دوو وڵاتی چکۆلەی ئەبخازیا و ئۆسڵیتیای باشور ، کە ئێستاهیژمونی ودەسەڵاتی سیاسی و ئابوری ئەم دوو وڵاتە ، ڕوسیا وەک کولونی دەورانی گلوبالیزم دیاری دەکات
******************************************* .. .
٦ – پلان داڕێژ ومێعمارانی شەڕی نێوخۆێێ : هەموو حیزبەکانی کوردستان بێ جیاوازی لە دیاردە و فینۆمنی " یەک نەگرتندا " لەم جیهانە خوێناوی و ئاڵۆزە نموونە و تاقانەن . لە کاتی شەری نێوخۆیی ڕەوڕەوەی مێژوو لە کوردستان بە خەمباری دەوری خۆی دەپێوا و وڵات بوو بە گۆمی خوێن .پەتا و ئیپیدمی شەری نێو خۆیی سامناکە و کاتگۆری ژیواری و چاند بەرەو دواوە پال پێوە دەنێت وسیا ساڵەکان دادەسەپێنێت .جەناب کاک حاتەم مەنبەری لە کتێبی " ئازار و ئەزمون " هەڵویست ودیسکورس و ڕاسپاردەی ژنێکی ڕەنجدەری دێهاتی کوردەواری بۆ پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و دیموکرات ئاوا نوسیویە : (خوا ڕەحم بەدایکتان بکا ڕۆڵە ،خوا دەس بە جوانیتانەوە بگرێ ،ئیشەڵا گەورەکانتان عەمریان نە مێنێ ،وا ئێوەیان خستگەسە گیانی یەکتر ، لە سەر " هیچ " ! ) شەڕی نێوخۆیی وەک کولتوری حیزبی بۆ خاتری خاتران و بەقازانجی داگیرکاران هەڵدەگیرسێت و کوردستان خاپور و کامباخ دەکات . حیزبە کان بە هات و هاوار شتێکن و بە کردەوە شتێکی ترن . لە کاتی شەڕی نێوخۆیی دار و دیوار باوەش بە مەرگدا دەکات و شەرای مەرگ شار و گوند دادەپۆشێ و بۆنی خوین بە بنار و پێدەشت و هەورازدا دەگەڕێ . .ئەم ڕەوتە تاڵ و پڕ ئازار و ژانە بۆ گەلی کورد کوشتاری سامناکی لێ کەوتەوە و غوروری ێشمەرگەی سادیق و و خاوەن کەرامتیان شکاند .شەڕی نێوخۆیی تەنیا سیمفۆنی مەرگ دەژەنێت . میعمارانی ئەم شەڕانە ڕێبەرانی حیزبەکانن ، کە لە سەر بنەمای بنەماڵەیی ، شەخسی و حێزبی ناکۆکی و شەڕەکان ڕێک دەخەن . زۆریەی ڕێبەرانی حیزبەکان گێژەڵووکەی ئایدئولۆژی لوولی داون و ئەوەی بە بیریاندا تێپەر نابێت چارەنووسی گەلی کوردە . شابیری ئەندیشەیان کورتی هێناوە . تەنیا سێ ڕێبەری ڕێزلێگیراو: بەڕێزان: قازی موحەمەد ، فوئاد- مستەفا سوڵتانی و شاسوار جەڵال (ئارام) لە شەڕی نێو خۆیی نەگلاون. هۆنراوەی جەناب" فەریدون ئەرشەدی " بە ناوی شەڕ ئاوێنەی باڵا نوێنی کارەساتە خوێناویەکانە.
شەڕ سەرپۆشە سپییەکی دایکمی گۆڕی ،
قومرییەکانی لە ماڵمان تۆراند،
گۆنای خۆشکەکانمی ڕنیی ،
شەڕ پشتی باوکمی شکاند ،
مێشکی براکانمی بەدەستی یەکتری پژاند!
شەڕی نێو خۆیی وەک ئاوێنەی شکاو تەنانەت وینە جوانەکانیش ناشیرین پیشان دەدات .ئایا مێعمارانی شەڕی نێو خۆیی شەهامەتیان هەیە لە ئاوێنەی ویجدان چاو لە خۆیان بکەن ؟ و لە ماسمێدیا و بە فەرمی و بەشەهامەتەوە داوای لێبوردن لە شارۆمەندانی کورد بکەن . مێژوو تەنیا سەرکەوتنەکان نیە ، بەڵکوو مێژوو هەڵویستەکان ، هەڵەکان و شکستەکانیشە
*********************************** .
٧ - تاراوگە و ژیانی هاوبەش : نووسەر ماوەیەکی دوور و درێژ لە وڵاتی کوردستان دوور بووە . لە پێناو هزر و ئەندیشەی ئۆمانیستی و عەدالەتخوازی لە سوریا، بولغارستان، سوڤیەت ، گورجستان ، کابل، ئێران ئەفگانستان، عێراق و سوید ژیاوە . لە سەردەمی گەنجی و خوێندندا، لە لایەن نەیارانەوە گیراوە و ئازار دراوە و ئەشکەنجە کراوە . ماوەیەکی سەخت و تاقەت پڕووکین لە گەڵ ڕەنجی ئاوارەیی سازاوە .نووسەر لە هەڵکشان و داکشانی مێژوو و ژیانی دژوار لە تاراوگە ، لە گەڵ کچێکی بەوەفای ئوروپایی خەڵکی گورجستان بەناوی یای ئیکا ئاشنا دەبێت . ئیکا شارۆمەندی گورجستانە و لە پێناو ژیانی هاوبەش دایک و باوک و خزمان ونزیکانی بە قەناعەت دەگەیەنێت و هەموو کۆسپ و لەمپەرەکان یەک لە دوای یەک چارەسەر دەکات. و لە بەرانبەر تاڵ کاتەکان ،ڕۆژە سەخت و سیاکان بەرگە دەگرێت . ئەگەرچی نووسەر بە خاتری کاری ڕێکخراوەیی بۆی نەگونجاوە تا ڕادەیەک لای هاوسەری بێت ئەمما بەدڵ فراوانیەوە ، پێکەوە ژیاون . بەرهەمی ئەم پێک گەیشتنە کچێکی ناسکۆڵە بە ناوی ماریایە، کە لە ئاسکی چاو مەست و وەنەوشەی نیو پەرژینی باخان دەچێت.
***ئەو دیاردانەی کە ناکرێ وەک خاڵی پۆزیتیڤی کتێبەکە پۆلبەندی کرێن : ئەگەرچی نێوی مانگەکان بە زمانی کوردی هەیە و زۆر شیاو و جێ کەوتون ، دیسان بە شێوەی نووسەرانی باشور لە مانگی ڕۆمی کەلک وەر گیراوە . هەڵەچن و بژار کار ئەرکی خۆیان بە دڵسۆزیەوە تەواو نە کردووە . لە چەندین جێگا پیتی وشەکان و پیتی تێکبەستن لە بیر چووە و دانەنراوە. زۆر بە دەگمەن کاما، خاڵ ، نیشانەیی سەرسوڕمان و سێ خاڵ و نیشانەیی گواستنەوە لە بیر کراوە .
..................................................................................... .
مانای هەندی وشەی بیگانە بە کوردی :
1-Fenomen 2-Assimilation 3- Metaphor 4- Category 5- Sectarianism 6-Mao Tse Tung 7-Irony 8-sekular 9 -Aphorism 10. George Washington
11- Kleptocracy 12- Hegemony 13-Trauma14-dogmatism 15- Hypocrisy
فینۆمن (دیاردە)
-ئاسیمیلاسیون( تواندنەوە ، تێکەڵاو بوونی کۆمەڵایەتی ،سڕینەوە ، لە ناو بردنی زمان ، کولتور ، فەرهەنگ و پێک هاتەی کۆمەڵایەتی )
- میتافۆر ( ئیستعارە،کنایە ، تشبیە )
-کاتگوری( گروە ،چین ،دەستەواژە ، شێواز )
-سکتاریزم ( توند ئاژوویی لە بیر و باوەڕ ، دەمارگرژی ، وەر نەگرتنی بیری جیاواز )
-مائوتسە تونگ : (١٨٩٢-١٩٧٦ ) هزرڤان و مێژووناس، ڕێبەری شۆڕشی چین ، کەساڵی ١٩٤٩ی زاینی حیزبی کومونیستی بەدەسەلات و هیژمونی سیاسی گەیاند و خاوەنی دوکتورینی تیزی سێ جیهانە کە مەبەستی وڵاتانی گەشە نەکردووە . مائو ڕێبازی مارکسیزمی بەشێوەیەک لە گەڵ تان و پۆی کۆمەڵگای جووتیاری چین گونجاند. کتێبی سووری مائو سەردەمانێک کانیاوی بیر و ئەندیشەی چەپەکانی جیهان بوو. تەرجومە و شیکردنەوەی مارکسیزم لە لایەن مائووە، بناغەی چینایەتی نەبوو بەڵکوو ناوەڕۆکی ناسیونالیستی بوو . جووتیاران کە چینێکی بەربڵاو و پڕ نفوسی کۆمەڵگای وڵاتی چین بوو ، وەک ڕێبەری شۆڕش ناسێندرا و پێی وابوو هێزی مەزنی شۆڕش لە یەکگرتوویی ناسیونالیستی هەمووچینەکان پێک دێت . . .
ئێرؤنی ( ساتیر ،تەنز، گاڵتەجاڕ، تەوس ، تانە ) -
- سیکۆلار : (ڕئالیست، نائائینی ، دنیا پەروەریی).
*- موژیک: ئەم وشە لە بنەڕتدا ڕووسییە. لە بواری مەجازی بەو مرۆڤانە دەڵێن کە جیهان بینی ، هزر و بیریان وەک گوندیی و کۆلکە مەلا و زڕە خوێندەوار فرە سنووردار و بەرتەسکە
-- ئافۆریزم: ڕەستە یا دەربرێنێکی کورت کە هەڵگری دیسکورس و ڕاسپارەی قووڵە .
-جورج واشینگتون (١٧٣٢-١٧٩٩ زاینی ): یەکەمین سەرۆک کۆماری ئامریکا بوو. پێتەختی ئامریکا یانی شاری واشینگتون بە ناوی ئەو ناو نراوە
- ئازار و ئەزمون : نووسەر حاتەم مەنبەری چاپی دووهەم سوید ٢٠٢٤ . وەشانخانەی ٤٩ کتێب.
Agonies and Experiences, A Peshmerga,s Selected Memories. by Hatem Menbari ..
- سیستەمی حکومەتی کلیپتۆکراسی : یانی تەواو زەرفیەت و تواناکانی حکومەت لە سەر دیاردەی گەندەڵی و دزی و تاڵانی داهاتی نەتەوەیی دامەزراوە. حیزب و دەسەڵات گیرفان پڕی گیرفان بڕی داهاتن .
- هیژمونی: دەسەڵات ، ڕێبەری ، هێز
تراوما : ئازاری سەختی دەرونی ، خەمۆکی -.
-دوگماتیزم: بیر و ڕای وشک و نە گۆڕ. بیر کردنەوەی فرە سنوورداری حیزبی، وشکە ڕۆ و توندئاژوو
هیپۆکراسی: دووڕویی بێ شەرمانەی سیاسی ، درۆ گوتن بە جەماوەر و شارۆمەندان