کەتیبەکانى حزبوڵاى عێراق ڕایگەیاند، سەربارى ڕاگەیاندنى ئاگربەست لە لوبنان هێرشەکانیان دژى ئیسرائیل بەردەوام دەبێت.
ئاوێنه: کەتیبەکانى حزبوڵاى عێراق سەبارەت بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان حزبوڵای لوبنانی و ئیسرائیل ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە، بڕیارى ئاگربەست لە نێوان حزبوڵای لوبنان و ئیسرائیل ڕووینەدەدا ئەگەر خۆڕاگریی حزبوڵا و کەم توانایی ئیسرائیل نەبوایە، بۆیە ئەم بڕیارە بە تەواوەتى لوبنانییە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەمریکا هاوبەشی تاوانەکانى ئیسرائیلە لە کوشتن و ئاوارەکردن و هەڕەشەکردن، پێویستە زوو بێت یان درەنگ باجەکەى بدات.
جەختکراوەتەوە، هەڵوێستى ئەوان لە دۆسییەى فەڵەستین نەگۆڕە و ئەوان کەسەکانیان لە فەڵەستین بەتەنها جێناهێڵن و گوێ نادەن بەو هەڕەشانەى ڕووبەڕویان دەبێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئاگربەست لە نێوان حزبوڵای لوبنانی و ئیسرائیل ڕاگەیاندرا و دەبێت لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا سوپای ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنانی لە ناوچەکانی باشووری لوبنان پاشەکشە بکەن و سوپای لوبنان جێگەیان بگرێتەوە.