بڕیاری ئاگربەستی جەنگی ئیسرائیل و لوبنان چووە بواری جێبەجێکردنەوە
  2024-11-27       94       

دوای ئەوەی دوێنێ سێشەممە 26ـی 11ـی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەمنیی ئیسرائیل، ڕێککەوتنی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی لە لوبنان کە لەلایەن ئەمریکا و فەرەنساوە پێشنیار کرابوو پەسەند کرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ئاگربەستی شەڕی حیزبوڵلای لوبنان و سوپای ئیسرائیل چووە بواری جێبەجێ کردن کە ماوەکەی 60 ڕۆژە و ئێرانیش پێشوازی لە ئاگربەستەکە دەکات.

ئاوێنه‌: ماوەی زیاتر لە ساڵێک بوو شەڕ و پێکدادان لە نێوان چەکدارانی حیزبوڵلای لوبنان و سوپای ئیسرائیل دەستیپێکردبوو، دواجار بە نێوەندگیری ئەمریکا، ئاگربەستێکی کاتی دوو مانگە لە نێوان هەردوو لایەن ڕێککەوتنی لەسەرکرا و کاتژمێر 04:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە کاتی بەیروت ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە جێبەجێ کرا.

میدیا جیهانییەکان دەڵێن: تاوەکو دوای جێبەجێکردنی ئاگربەستەکەش، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بەسەر باشووری لوبنان دەسوڕانەوە، بەڵام هێرشە ئاسمانییەکان و پێکدادانە مەیدانییەکانی بە تەواوی ڕاگیراون و سوپای ئیسرائیلیش جەختی کردووەتەوە لەوەی دەبێت ئەو گوندانەی لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنان دەست نیشانی کردوون، دەبێت چۆڵ بکرێن.

لای خۆیەوە، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ پێشوازی لە ڕاگرتنی شەڕ و جێبەجێکردنی ئاگربەست ڕاگەیاند و وتی: "پێشوازی لە کۆتایی هێنان بە پێشێلکارییەکانی دوژمنایەتی ڕژێمی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دەکەین، لە هەمانکاتدا پشتیوانیمان بۆ حکومەت و خەڵکی لوبنان و مقاوەمە بەردەوام دەبێت و ناگۆڕێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×