ئەمڕۆ سێشەممە ٢٦ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، ئەنجومەنی وەزیرانی ئەمنیی ئیسرائیل رێککەوتنی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی لە لوبنان پەسەندکرد و ناتانیاهۆش ئاماژە بەوە دەدات، کە حزبوڵڵایان بۆ چەندین ساڵ بۆ دواوە گەڕاندەوە.
ئاوێنە: کەناڵی ١٤ـی ئیسرائیل ڕایگەیاند "بڕیارە سبەی چوارشەممە ڕێککەوتنەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ناکۆکی لەنێوان ئیسرائیل و ئەمەریکا هەیە لەسەر کاتی ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکە، ئەمەریکا دەڵێت؛ سبەی بەیانی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە بەرامبەردا ئیسرائیل دەڵێت؛ دەبێت سبەی ئێوارە ڕابگەیەندرێت".
هاوکات بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەمنیی وڵاتەکەی ئاشکرایکرد "تا ئەو کاتەی دانیشتوانی باکور نەگەڕێنرێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، شەڕ کۆتایی نایەت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد "تواناکانی حزبوڵڵامان لاواز کرد و دەتوانم بڵێم لەناومان برد و حزبوڵڵامان بۆ چەندین ساڵ بۆ دواوە گەڕاندەوە، هەروەها ئێمە پابەندین بە لەناوبردنی تەواوەتیی تواناکانی حەماس.
لەبەرامبەردا ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل لە پۆستێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، نوسیویەتی "هیوادارین ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ حزبوڵڵا، ئاسایشی تەواوەتیی بۆ دانیشتوانی باکوری وڵات گەرەنتی بکات".
لەلایەکی دیکەشەوە پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی ڕایگەیاندووە، دوای دەستپێکردنی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەمنیی ئیسرائیل بۆ پەسەندکردنی ڕێککەوتننامەی ئاگربەست، "چاوەڕوان دەکرێت لە درەنگانی ئەمشەودا جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەست ڕابگەیەنێت".
سەرچاوە نزیکەکانی ئاگادار لە دانوستانە بەردەوامەکانی ئاگربەستی ٦٠ ڕۆژەی نێوان لوبنان و ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا، ڕەزامەندە لەگەڵ هەنگاوەکانی ئیدارەی بایدن بۆ دوورخستنەوەی چەکدارانی حزبوڵڵا لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی کاتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان (یونیفێل)، لە بەرامبەر کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە دەرەوەی هێڵی شین.