رێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ئەمڕۆ ڕایگەیاند، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی ئێران شەپۆلێکی نوێی سزای لەسێدارەدانیان دەستپێکردووەو سزای لەسێدارەدانیان بەسەر زیندانیانی سیاسی، هاوڵاتیانی سەر بەکەمینە نەتەوەییەکانو هاوڵاتیانی بیانیدا سەپاندووە.
ئاوێنە: رێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ئاماژە بەوە دەکات نوێترین بڕیاری لەسێدارەدان، زیندانی سیاسی کورد "واریشە مورادی"، ئەندامی پژاکە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، کە ڕۆژی ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لەلایەن دادگای ئینقلابی ئێران لەتاران بەتۆمەتی "یاخیبوونی چەکداری لە دژی دەوڵەت" لەسێدارەدراوە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، دەسەڵات ڕێگریان لە مورادی کردووە بەرگری لە خۆی بکاتو ئەو دادوەرەی کە سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی کردووە، ڕێگەی نەداوە پارێزەرەکەی ئامادە بێت. لەمانگی ئابی ساڵی 2023 هێزە ئەمنییەکان مورادییان لەشاری سنە لە پارێزگای کوردستان دەستبەسەر کردو دواتر گواسترایەوە بۆ زیندانی ئەڤین بۆ ئەوەی بۆ ماوەی پێنج مانگ لەزیندانی تاکەکەسیدا ڕابگیرێتو گوشار و ئەشکەنجەی بخرێتە سەر. تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، لە مانگی ئایاری ٢٠٢٤ەوە دەسەڵاتداران ڕێگەیان بە خێزانەکەی نەداوە سەردانی بکەن.
ناهید نەقشبەندی، توێژەری ئێرانی لەڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ دەڵێت "دەسەڵاتدارانی ئێران سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێکی تۆقاندن بەکاردەهێنن، بەتایبەتی کەمینە نەتەوەییەکان و نەیارانی سیاسی دوای دادگاییکردنێکی نادادپەروەرانە دەکەنە ئامانج".
دەسەڵاتدارانی ئێرام لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا پێنج کەسی دیکەی کوردیان بەتۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل"، حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاندن.
هەروەها چوار زیندانی عەرەبی خەڵکی ئەهواز (پارێزگای خوزستان) ئێستا ڕووبەڕووی مەترسی لەسێدارەدان دەبنەوە.
هەڵکشانی شەپۆلی لەسێدارەدان کاریگەری لەسەر هاووڵاتیانی ئەفغانی لە ئێرانیش هەبووە. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاندووە کە ئەمساڵ نزیکەی ٤٩ هاووڵاتی ئەفغانی لە ئێران لەسێدارە دراون، کە ١٣ کەسیان تەنیا لە مانگی ئۆکتۆبەردا لەسێدارە دراون. بە پێی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە ماوەی دە مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا نزیکەی ٦٥١ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون کە لە مانگی ئەکتۆبەردا ١٦٦ کەسیان لە سێدارە دراون.
نەقشبەندی دەڵێت "دادگاکانی ئینقلابی ئێران ئامرازێکی سەرکوتی سیستماتیکە کە مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیان پێشێل دەکەنو سزای لەسێدارەدان دەردەکەن، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێ بەتوندی ئیدانەی ئەم ڕەوتە نائارامکەرە بکات و گوشار بخاتە سەر دەسەڵاتدارانی ئێران ئەم شەپۆلی لەسێدارەدانانە ڕابگرن".