مەجید تەختڕەوانچی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ كاروباری سیاسی رایگەیاند، ئێران دەرگای كراوەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئیدارەی داهاتوی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ.
ئاوێنە: مەجید تەرختڕەوانچی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ كاروباری سیاسی، لە چاوپێكەوتنێكدا بە رۆژنامەی فاینەنشیاڵ تایمزی چاپی لەندەنی وتوە، دەرگامان كراوەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی داهاتوی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی ئەمریكا، بەڵام "زۆركردن و تۆقاندن هیچ كاریگەرییەكی نابێت لەسەر درێژەكێشانی چەقبەستنی پەیوەندییەكانی ئێران و رۆژئاوا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران."
یاریدەدەرەكەی وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریشی داوەتە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا كە هەر هەوڵێك بۆ سەپاندنی گوشار بەسەر ئێراندا روبەڕوی شكست دەبێتەوە.
رۆژی 13ی مانگی رابردو، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، گفتوگۆكانی ئەمریكاو ئێران بە ناوەندگیریی عومان راوەستاون ئەوەش بەهۆی بارودۆخی ناوچەكەوەو لە ئێستادا زەمینەیەكی لەبار بۆ ئەو گفتوگۆیانە نابینین.
لەدرێژەی قسەكانیدا مەجید تەختڕەوانچی بە فاینەنشیاڵ تایمزی وتوە، ئێستا پرسیارە سەرەكییەكە ئەوەیە كە حكومەتی نوێی ئەمریكا چۆن مامەڵە لەگەڵ بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەكات.
لە مانگی 5ی 2018، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەو كاتەی ئەمریكا، تاكلایەنە لە رێككەوتنی ئەتۆمی نێوان شەش وڵاتی زلهێزی جیهان و ئێران كشایەوەو سزای زیاتری بەسەر ئێراندا سەپاند و دوای ساڵێكیش ئێران پابەندییەكانی خۆی بە رێككەوتنەكەوە هەڵوەشاندەوە.
مەجید تەختڕەوانچی كە یەكێك بوە لە دانوستانكارانی سەرەكی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە، وتویەتی، ئێستاش دەكرێت رێككەوتنە ئەتۆمییەكە بكرێتە بنەمای گفتوگۆ و پێداچونەوەی پێدابكرێت و رەنگدانەوەی بارودۆخە تازەكە بێت.
وتوشیەتی"ئەگەر لایەنەكانی دیكەی رێككەوتنەكە بگەڕێنەوە سەر پابەندییەكانی خۆیان، پێشتر چەندین جار وتومانە كە ئێمەش دەمانەوێت ئەو كارە بكەین."
فاینەنشیاڵ تایمز لە زاری چەند سەرچاویەكی نزیك لە دۆناڵد ترەمپ-ەوە رایگەیاندوە، ئیدارەی داهاتوی ئەمریكا هەوڵدەدات كە ئابوریی ئێران "مایەپوچ" بكات و بەوەش تاران ناچار بە گفتوگۆ و دانوستان بكات.
بەڵام یاریدەدەرەكەی وەزیری دەرەوەی ئێران لەوبارەیەوە وتویەتی، ئەگەر ئیدارەكەی ترەمپ بیەوێت جارێكی دیكە بگەڕێتەوە سەر ئەوپەڕی گوشار بۆ سەر نەوتی ئێران، بێ چەندو چون شسكت دەهێنێت، لە جیهانی ئەمڕۆدا هیچ كەسێك ناتوانێت مەرجەكانی خۆی بەسەر تەواوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بسەپێنێت.
مەجید تەختڕەوانچی جەختیشی كردۆتەوە كە ئێران بەردەوام دەبێت لەسەر پشتیوانیكردنی گروپە چەكدارەكانی لایەنداری خۆی لە ناوچەكەو وتوشیەتی، "ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر پشتیوانیكردنی مقاوەمە، ئەمە سیاسەتی كۆماری ئیسلامییە و گۆڕانكاری بەسەردا نایەت."