یەكێتی ئەوروپا سزای بەسەر كۆمپانیای گواستنەوەی دەریایی ئێران و ئەو بەندەرانەدا سەپاند كە هاوكاری سەربازیی دەگەیەننە روسیا لە شەڕ دژبە ئۆكرانیا.
ئاوێنە: یەكێتی ئەوروپا، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، بە كۆی دەنگی سەرجەم 27 ئەندامی یەكێتییەكە، هەر جۆرە مامەڵەیەك لەگەڵ ئەو كەشتی و بەندەرانەی كە بەكاردەهێنرێن بۆ گواستنەوەی درۆن، موشەك، تەكنەلۆژیا و كەرەستەی سەربازی دروستكراوی ئێران بۆ روسیا، قەدەغە دەكرێت.
یەكێتی ئەوروپا راشیگەیاندوە، سزا نوێكانیان خودی كۆمپانیای گواستنەوەی دەریایی كۆماری ئیسلامی ئێران و محەمەد رەزا خیابانی، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیاكە دەگرێتەوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە ئەگەری سەپاندنی سزا لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە بەسەر كۆمپانیای گواستنەوەی دەریایی وڵاتەكەیاندا، ئێران لەبەرامبەردا هەر جۆرە "هەنگاوێكی گونجاو" دەگرێتەبەرو "كاردانەوەی هاوشێوە"ی دەبێت.
لە ناوەڕاستی مانگی رابردو، یەكێتی ئەوروپا هاوكات لەگەڵ ئەمریكا، بەهۆی ناردنی موشەكی بالیستی ئێرانی بۆ روسیا، هێلەكانی فڕۆكەوانی ئێرانی سزادا.