ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ، داوای كۆبونەوەیەكی بەپەلە لە سەرۆکی سەرجەم پارتە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی تورکیا دەکات لەبارەی دانانی قەییوم بۆ شارەوانییەکان.
ئاوێنە: ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ، ئەمڕۆ دوشەممە، لەبارەی دانانی قەییوم بۆ شارەوانییەکانی ئەسەنیورت-ی ئیستانبوڵ، خەلفەتی روها، مێردین و ئێلیح، داوایەکی ئاراستەی سەرۆکی لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی تورکیا کردوە بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەیەکی بەپەلە لە پەرلەمانی تورکیا.
ئەمڕۆ دوشەممە، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا سێ سەرۆکشارەوانیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)ی لەکارلادان و قەییومی خستە شوێنەکانی. هەروەها رۆژی 31ـی تشرینی یەکەمیش سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی ئەسەنیورت-ی ئیستانبوڵ کە ئەندامی جەهەپە-یە لەکارلاردا و قەیومی لە شوێنەکەی دانا.
دانانی قەیوم بۆ ئەو شارەوانیانەی ناڕەزایەتی توندی بەدوای خۆیدا هێناوە بەتایبەت لەو شارانەی باكوری كوردستان.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو هاوکات سەرۆکی یەکێتیی شارەوانییەکانی تورکیاشەو داوای کۆبونەوەی بەپەلەی کردوە بۆ ئەوەی پرسی دانانی قەییوم چارەسەر بکرێت.
هەریەک لە ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە؛ موساڤات دەرویشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی؛ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە؛ ئەرکان باش، سەرۆکی پارتی کرێکاری تورکیا، رەزامەندییان بۆ داواکارییەکەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەربڕی. بەڵام تاوەکو ئێستا دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە؛ عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دێڤا؛ محەممەد فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ خۆشگوزەرانی و مستەفا دەستەجی؛ سەرۆکی پارتی یەکبوونی مەزن، وەڵامی داواکارییەکەیان نەداوەتەوە.
تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری؛ هاوسەرۆکانی دەم پارتی بەهۆی سەرقاڵبونیان بە پرسی دانانی قەیوم بۆ شارەوانییەکانی مێردین، ئێلیح و خەلفەتی، ئەوانیش وەڵامیان نەداوەتەوە، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆر رازی دەبن.