وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، بەهۆی ئاڵۆزی و هەڕەشەکانی ئێران بۆسەر ئیسرائیل، وڵاتەکە بڕیاری جێگیرکردنی چەک و مووشەکی بالیستیک دەدات.
ئاوێنە: لەمیانی بەیاننامەیەکدا وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، ئاماژە بەوەکردووە کە وڵاتەکەی بڕیاری ناردنی چەندین مووشەکی بالیستیک و فڕۆکەی جەنگیی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوە بەمەبەستی کەمکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و پاراستنی هاوڵاتییان و هێزەکانی ئەمریکا و هەروەها ئیسرائیل لە ناوچەکەدا.
پێنتاگۆن ئەوەشی خستووتە روو، ناردنی ئەم چەکانە لە دوای بڕیاری ناردنی سیستەمی 'تاد'ـی ئەمریکی دێت بۆ ئیسرائیل، لەبەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە کە ئەم هەنگاوەی ئەمریکاش دەچێتە "چوارچێوەی پابەندبوونی واشنتن بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل و لە ئەگەری وەڵامدانەوەی ئێران بۆ هێرشەکانی ئەم دواییانەی ئیسرائیل".
لەلایەکی دیکەشەوە، کەمال خەرازی، راوێژکاری عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران وتی "تاران مووشەکی بالیستیک زیاد دەکات و پێداچوونەوە بە سیستمی ئەتۆمی خۆی دەکات".