رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ رایگەیاند، ئەو هاوڵاتییە سورییانەی بەهۆی شەڕەوە لە لوبنان هەڵدێن و دەگەڕێنەوە وڵاتەكەیان، روبەڕوی سەركوتكردن، ئەشكەنجەدان و دەستگیركردن و گیانلەدەستدان لەكاتی دەستبەریدا دەبنەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سوریاوە.
ئاوێنە: رێكخراوەكە لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەو سوریایانەی بەهۆی شەڕەوە لە لوبنان هەڵدێن و دەگەڕێنەوە وڵاتەكەیان لەلایەن حكومەتی سوریاوە روبەڕوی سەركوتكردن دەبنەوە لەوانە بێسەروشوێن كردن، ئەشكەنجەدان و گیانلەدەستدان لەكاتی دەستبەركردنیاندا.
هێرشە چڕەكانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لە كۆتایی ئەیلولی 2024ەوە تاوەكو ئێستا بۆتە هۆی هەڵاتنی هەزاران هاوڵاتی سوری و گەڕانەوەیان بۆ سوریا.
ئادەم كۆگڵ، جێگری بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ رایگەیاندوە، گیانلەدەستدانی ئەو سوریانەی كە گەڕاونەتەوە لەكاتی دەستبەسەركردندا لە سوریا لە هەلومەرجی گوماناویدا، نیشانەی ئاشكرای دەستگیركردنی سەرەڕۆیانە و سوكایەتی و ئەشكەنجاندانی ئەو هاوڵاتییە سورییانە كە بە ناچاری دەگەڕێنەوە وڵاتەكەی خۆیان.
بەپێی ئامارەكانی حكومەتی لوبنان، لە 23ی ئەیلولی ئەمساڵەوە لەگەڵ چڕبونەوەی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا، زیاتر لە نیو ملیۆن كەس لە لوبنانەوە بۆ سوریا هەڵاتون كە لەنێویاندا زیاتر لە 355 هەزار هاوڵاتی سوری هەن.
بەپێی راپۆرتەكەی هیومان رایتس ۆوچ، ئەوان لە مانگی 10ی ئەمساڵدا، 5 حاڵەتی دەستگیركردنی ئەو هاوڵاتییە سوریانەیان تۆماركردون كە لە لوبنانەوە گەڕاونەتەوە سوریاو رێكخراوەكە لە زاری كەسوكاری دەستگیركراوەكانەوە وتویەتی، دەزگای هەواڵگری سەربازیی سوریا ئەو كەسانە دەستگیردەكات كە لە لوبنانەوە دەگەڕێنەوە.
هاوكات بەپێی قسەی تۆڕی مافەكانی مرۆڤی سوریا، لەماوەی نێوان 23ی ئەیلول تاوەكو 25ی ئۆكتۆبەر، 16 حاڵەتی دەستگیركردنی ئەو سوریانەیان تۆماركردون كە لە لوبنانەوە گەڕاونەتەوە.
ئادەم كۆگڵ وتوشیەتی، سوریا شوێنێكی زۆر سەلامەت نییە بۆ گەڕانەوە، بەڵام مەترسییەكانی گرژتربونی شەڕ لە لوبنان وا دەكات زۆرێك لە سورییەكان، بەهۆی نەبونی شوێنێكی دیكە بۆ پەنابردن، رو لە سوریا بكەنەوە.
جەختیشی كردۆتەوە كە گەڕانەوەی ئەو هاوڵاتییە سورییانە نیشانەی ئەوە نییە كە دۆخی سوریا چاك بوە،ب بەڵكو راستییەكە ئەوەیە كە ئەوان بێبەشن لە بونی وڵاتی جێگرەوەی ئارام و ئەوەش ناچارییان دەكات بگەڕێنەوە سوریا لەكاتێكدا لە وڵاتەكەی خۆیشیان هێشتا روبەڕوی مەترسی دەستگیركردن و پێشێلكاری و مردن دەبنەوە.