یــادی هۆلۆکۆست‌و جەنگی غەززە! چاوپێکەوتن لەگەڵ ئێنزۆ تراڤێرســۆ
  2024-10-24       834       
ئێنزۆ تراڤێرســۆ

و: عومەری خەتــــــــــات

 

ئینزۆ تراڤێرسۆ، مێژوونووسێکی ئیتـــاڵییە و پسپۆڕی تێمــاکانی تۆتالیتاریزم و سیاسەتی یادوەرییە. لە زانکۆی کۆرنێل لە ئەمریکا وانەی "مێژووی بیر" دەڵێتـــەوە. ئێستا لە پاریس نیشتەجێیە. ئەم بەرهەمــانەی تا ئێســتا چاپ کراوون:

سەرچاوەکانی توندوتیژی نازییەکان.

کۆتایی مۆدێرنێتەی جووایەتی.

خەمۆکییــەکانی چەپ.

شۆڕش: مێژووی بیرکردنەوە.

نووســەر لەم چاوپێکەوتنەدا کاریگەرییە تێکدەرەکانی ئەگەری بەکارهێنانی یادوەریی هۆلۆکۆست بۆ پاساوهێنانەوە بۆ جینۆسایدی سوپای ئیسرائیل لە غەززە شی دەکاتەوە.

 

میدیاپارت:

لە کتێبی "کۆتایی مۆدێڕنێتەی جووایەتی"دا، ئەرگومەنتی ئەوە دەکەیت کە جووەکان دوای ئەوەی وەك ناوەندی بیری ڕەخنەیی لە جیهانی ڕۆژئاوادا ناسران، بە جۆرێك و لە هەڵگەڕانەوەیەکی پارادۆکسانەدا، بەرەو دەستبەسەردا گرتن ڕاکێشران. ئایا ڕووداوەکانی ئەمڕۆ ئەم بۆچوونە پشتڕاست دەکەنەوە؟

ئینزۆ تراڤێرسۆ:

بەداخەوە، پێموایە ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات، ئەو ڕەهەنــدە بنەڕەتیانە پشتڕاست بکاتەوە کە من لەو کتێــبەدا شیکاریم بۆ کردوون، بێگوومـــان ئەم پشتڕاستکردنەوانەش دڵخۆشکەر نیـــن. من لەو کتێبەدا نیشانم داوە کە هاتــنە ناوەوەی جووەکان بۆ ناو مۆدێرنە لە کۆتایی سەدەی هەژدەهەمدا لەسەر بنەمای ئەنترۆپۆلۆژیایەکی سیاسی تایبەت بنیــات نرا بوو. ئەم کەمینەیە (جووەکان) لە دیــاسپۆرادا، ڕووبەڕووی ئەو مۆدێرنەتییە سیاسییە بوونەوە کە ناسیۆنالیزم لە قاڵبی دابوو و ئە وانی وەك ئۆرگانێکی نامۆ دەبینی کە ناتوانرێت لەگەڵ ئەو گەلانەدا تێکەڵ بکرێن کە وەك پێکهاتەیەکی نەتەوەیی و سەرزەمینی پێناسە دەکران.

جووەکان، لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، دوای ڕزگاربوونیـــان و خەریکبوونیـــان بە عەلمانیکردنی جیهانی مۆدێرن، خۆیان لە پارادۆکســێکدا بینیـــەوە: لە لایەکەوە، وردە وردە خۆیان لە ئایین دوور خستەوە و بە پەرۆشــەوە ڕوویــان کردە ئەو ئایــدیایانەی کە میراتگری سەدەی ڕۆشنگەریی بوون; لە لایەکی ترەوە ڕووبەڕووی دوژمنایەتی ژینگەی ئەنتی سێمیتیزم بوونەوە. لە ئەنجامدا بوونە لانکەی ڕەوتی گەردوونی و جیهانگەرایی و ئینتەرناسیۆنالیزم. ئەوان هەموو ڕەوتە پێشکەوتنخوازانەکانیان وەرگرت و بیری ڕەخنەیـــیان لە خۆیـــاندا بەرجەستە کرد. لە کتێبەکەمدا، "ترۆتسکی"، شۆڕشگێڕی ڕووســی کە زۆربەی ژیانی لە دەربەدەریدا بەسەر برد، وەك کەسایەتیەکی ســیمبوڵی جووی دیــاسپۆرا و دژایەتیکەرێکی نەریت و ئۆپۆزیســیۆنی دەسەڵات دەخەمەڕوو.

ئەم وێــــنەیە لە دوای جەنگی جیهانی دووەم و دوای هۆلۆکۆست و دامەزراندنی ئیسرائیل گۆڕانی بەسەردا هـــات. بێگومان گەردوونیبوون و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی وون نەبوون و وەك  تایبەتمەندییەکانی ئایینی جووگەرایی مانەوە. بەڵام لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، پەرادایمێــکی دیکەی جووایەتی سەریهەڵدا، کە کەســـایەتییە ڕەمزییەکەی "هێنری کیسینجەر"بوو؛ جوویەکی ئەڵمانی دەربەدەری ئەمریکا کە بوو بە سەرەکیترین ستراتیژیستەکانی ئیمپریالیزمی ئەمریکی.

لەگەڵ ئیسرائیل، ئەو گەلەی کە بە پێناسە، گەردوونی، ئاوارە و جیهانگەرا بوون، بوونە سەرچاوەی یەکێك لە دەوڵەتە هەرە سەنتراڵە ئیتنیــکی و ناسیۆنالیستییەکان؛ دەوڵەتێك کە لە ڕێگەی چەندین جەنگەوە دژی دراوسێکانی بنیات نراوە و خۆی وەك دەوڵەتێکی تایبەت بە جوو پێناسە دەکات – ئەمە بە فەرمی لە ساڵی ٢٠١٨ەوە لە دەستوورەکەیدا چەسپێنراوە – و بەنیازە لەسەر حیسابی فەلەستینییەکان خاکی خۆی فراوان بکات. من ئەمە وەك گۆڕانکارییەکی گەورەی مێژوویی دەبینم کە ئاماژە بە دوو پێچەوانە جەمسەری جووگەرایی مۆدێرن دەکات. جەنگی غەززە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە حکومەتی ئیسرائیل ئێستا لە ژێر سەرکردایەتییەکی ناسیۆنالیستی سەرسەخت و دژە بێگـــانە و ڕەگەزپەرستدایە.

 

میدیاپارت:

لە لایەکی دیکەوە هێرشەکەی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەردا، یادوەری لە ئیسرائیلدا بە شێوەیەکی تووند کارا کردەوە، بە ڕادەیەك کە یادوەری هۆلۆکۆست وەك پاساوێك بۆ کوشتنەکانی غەززە بەکاردەهێنرێت! چۆن یادوەری جووایەتی بە شێوەیەك بپارێزرێت کە بەو شــێوەیە ئیستغلال نەکرێت؟ ئایا دەکرێت ئەو جووایەتییــە کۆنە زیندوو بکرێتەوە کە باسی دەکەیت؟

ئینزۆ تراڤێرسۆ:

ڕووداوەکانی ئێستا مەترسی سڕینەوەی دیمەنی کولتووری و فیکری و یادوەری ئێمە زۆر زیاد دەکەن. من لە کاردانەوە سۆزدارییە بەهێزەکانی ڕووداوەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر تێدەگەم، بەڵام نابێت ئەم کاردانەوانە، هەوڵە پێویستەکان بۆ خوێندنەوەی دۆخەکە لە ســیاقێکی ڕاســت و تێگەیشتنێکی عەقڵانیــدا بخنکێــنێت. ئەمڕۆ ئێــمە لە دۆخێکدا نین کە بە مەودای ڕەخنەگرانەی پێویست ئەم دۆخە شی بکەینەوە؛ مێژوو هەمیشە لە دوای ڕووداوەکانەوە دەنووسرێتەوە، بەڵام هەندێـــك شت تەواو ڕوونن.

لە لایەکەوە هێرشەکەی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەردا، کۆمەڵکوژییەکی ترسناك بوو کە بە هیچ شــێوەیەك پاساو نادرێت. لە لایەکی ترەوە ئەوەی ئەمڕۆ لە غەززە دەگوزەرێت، نیشــانەکانی جینۆسایدێکە کە دەبێت ڕابگیرێت: دانیشتووانی غەززە، دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس لە ناوچەیەکدا گیر کراوون کە بە سەختی بۆردومان دەکرێت و بێبەشن لە کارەبا و گاز و خۆراك و ئاو و دەرمان. ژێرخانی ئەم ناوچەیە بە شێوەیەکی سیستماتیکی لەناو دەچێت. یەك ملیۆن هاوڵاتی ســیڤیل ناچارکراون بەرەو باشووری غەززە بگوازنەوە و لەوێش بۆردومانەکان لەسەریـــان بەردەوامە. نەخۆشخانەکان ئیفلیج بوون و نائومێدی لە سەرانسەری جیهـــاندا ســایەی کردووە.

من دەزانم مرۆڤ نابێت بە سادەیی چەمکی جینۆساید بەکاربهێنێت، چونکە ئەم چەمکە زیــاتر بوارێکی یاساییە و بۆ زانستە کۆمەڵایەتییەکان ناگونجێت. ئەوەش ڕاســتە کە ئەم چەمکە هەمیشە و لە ڕووی ســیاسییەوە بۆ بەدنــاوکردنی دوژمنان یان بۆ بەرگریکردن لە هەندێك یادوەری تایـــبەت بەکارهاتووە، بەڵام ئەم چەمکە بوونی هەیە و ئەمە تەنها پێناسەی سـتانداردە کە ئێمە بە دەســتمانەوەیە، ئەمە هەمـــان پێناسەیە کە لە ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی ساڵی ١٩٤٨دا هاتووە و لەگەڵ بارودۆخی ئێستای غەززەدا دەگونجێت.

لەم ســیاقەدا، هێــنانەباسی هۆلۆکۆست دەبێتە سەرچاوەیەکی بەردەوامی هەڵە تێگەیشتن. بەهرەبەردارکردنی یادوەری هۆلۆکۆست دیاردەیەکی نوێ نیــیە. هەر ئەمڕۆ بۆ شەرعیەتدان بە جەنگی غەززە بەکار دەهێـــنرێت. کاتێك باسی هۆلۆکۆست دەکرێت، مەبەســت لێی هێـــنانەپێشی ئەنتی سێمیتیزمە وەك کلیلی تێگەیشتن لە ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر، هەروەها نیشاندانی سەرسوڕمانێك یان تەنانەت توڕەییەكە لەو شەپۆلی هاودەنگییەی لەگەڵ فەلەستینییەکان کە ئێمە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە باشووری جیهاندا شاهیدی بووین.

بە دڵنیاییەوە ٧ی ئۆکتۆبەر کۆمەڵکوژییەکی ترســناك بوو، بەڵام وەسفکردنی وەك گەورەترین کۆمەڵکوژی لە دوای هۆلۆکۆست هیچ ئامانجێکی تری نییە جگە لە دامەزراندنی پەیوەندییەك لە نێوان ئەو دووانەدا. ئەم ھاوشێوەکردنە دەمانگەێـنێت بـــە لێکدانەوەیەکی سادە: ئەوەی لە ٧ی ئۆکتۆبەردا ڕوویدا، بریــتی نەبوو لەدەربڕینی ڕق و کینەیەکی دەیان ساڵە و توندوتیژییەکی سیستماتیك و وێرانکردنی مافەکانی فەلەستینییەکان؛ بەڵکو ئەم ڕووداوە ئەڵقەیەکی نوێیە لە مێژووە درێژەکەی ئەنتی ســێمیتیزم، لە جووبێـــزیی سەدەکانی ناوەڕاست تا هۆلۆکۆست، لە قەتڵ و عامەکانی ناو ئیمپراتۆریەتی تزاریی! لە ئەنجامدا حەماسیش دەبێــتە بەرجەستەیەکی هەزار بــارەی ئەنتی ســـێمیتیزمی درێژ خایەن. ئەم خوێندنەوەیە دۆخەکە لێڵ و دژایەتییەکان پایەتر دەکات و شەرعیـــیەت دەداتە وەڵامدانەوەکانی ئیسرائیل. چەند ساڵێــك لەمەوبەر ناتانیـــاهۆ ڕایگەیـــاند کە ئەگەرچی هۆلۆکۆست لەسەر دەســتی هێــتلەر ئەنجــام دراوە، بەڵام ئیلهامەکەی لە موفتی گەورەی موسڵمانی قودسەوە وەرگرتووە.

 

میدیاپارت:

لێــکەوتە ئەگەرییەکانی ئەم خوێــندنەوەیە بۆ یادوەری هۆلۆکۆست چییە؟ ئایا ئەمە مەترسی لەسەر دووبارە دەرکەوتنەوەی ئەنتی ســێمتیزم دادەنێـــت؟

ئینزۆ تراڤێرسۆ:

بەڵێ، ئەو مەترسییە لە ئارادا هەیە: جینۆسایدێك کە بەناوی یادوەری هۆلۆکۆستەوە بەڕێوە دەچـــێت، دەتوانێت ئەو یادوەرییە ناشیرین و بەدنـــاو بکات، لە ئەنجامدا شەرعیەتێکیش دەداتە ئەنتی سێمیتیزم. ئەگەر ئەم هەڵمەتە ڕانەگیرێت، ئەوا باسی هۆلۆکۆست دەبێـــتە وروژاندنی گومان و بێباوەڕی؛ لە کۆتاییدا ئەو قەناعەتە لای زۆرێك دروســت دەکات کە هۆلۆکۆست تەنهــا ئەفسانەیەکە بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ڕۆژئاوا داهێنراوە و هیچی تر. یادوەری هۆلۆکۆســت وەك "ئایینـــێکی مەدەنی" مافەکانی مرۆڤ و دژە ڕەگەزپەرستی و دیموکراسی لە بەین دەچێــت و نامێنێت.

ئەم یادوەرییە وەك پارادایمێــك بۆ بنیاتـــنانی یادوەریی جۆرەکانی تری توندوتیژی جەماوەری، لە دیکتاتۆرییـــە سەربازییەکانی ئەمریکای لاتینــەوە بگرە تا دەگاتە برســێتییەکەی ئۆکرانیا و جینۆسایدی توتسییەکان لە ڕواندا، کاری کردووە. ئەگەر ئەم یادوەرییــە ببــەسترێتەوە بە "ئەستێرەکەی داود" کە بە بەرۆکی سوپایەكەوەیە و ئێســتا لە غەززە جینۆســـاید ئەنجام دەدات، ئەوا دەرئەنجامەکانی وێرانکەر دەبن و سەرئەنجــام هەموو خاڵە ژێــدەرەکانمان- مرجعیة"، چ لە ڕووی مەعریفی و چ لە ڕووی سیاسییەوە، لێـــڵ دەبن.

ئەمە دەمــانخاتە ناو جیهانێکەوە کە هەموو شتێك تێــیدا چوونیەکە و وشەکان لەوێــدا هیچ بەهایەکیان نامێــنێت. زنجیرەیەکی درێژ لە خاڵە ژێدەرەکانمان کە ویژدانی ئەخلاقی و سیاسیمان پێکدەهێنن [جیاوازی نێوان ڕاست و هەڵە، بەرگری و تاوان، ستەمکار و ستەملێکراو، تاوانبار و قوربانی] تووشــی شـــێوانێکی گەورە دەبن. چەمکی ئێمە بۆ دیموکراسی کە تەنها بریتی نیــیە لە سیستەمی یاسایی و ڕێکخستنی دامەزراوەیی، بەڵکو کولتوور و یادوەری و کۆمەڵێك ئەزموونن، لاواز دەبن. ئەنتی ســێمیتیزم کە لە داکشـــانێکی مێژوویــدا بوو، سەرهەڵدانێکی نوێی سەرنجڕاکێش بەخۆیەوە دەبــینێت.

 

میدیاپارت:

تۆ لە ئەمریکا دەژیت، بەڵام ئاشنایەتیــەکی باشت لەگەڵ فەرەنسا و ئەڵمانیــا هەیە. لە کۆمەڵگەکانی ئەم دوو وڵاتەدا هەستێکی زۆر بە تاوان هەیە سەبارەت بەوەی بەرامبەر جووەکان لە جەنگی جیهانی دووەمدا ئەنجـــام درا. چۆن کاردانەوەکانی حکومەتەکانی ئەم دوو وڵاتە لێکدەدەنەوە؟

ئینزۆ تراڤێرسۆ:

لە ئەمەریکا، کۆنتێکستەکە زیاتر جەنگی ڤێتــنام وەبیر دەهێــنێتەوە نەك هۆلۆکۆست، چونکە ئەمریکا ڕاستەوخۆ دەستی لە جەنگی غەززەدا هەیە. مەسەلەکە تانهــا پەیوەندەی بە تاوانبــارکردنی هێزە ڕۆژئاواییەکانەوە نیــیە بە دەست تێکەڵ کردن لە ڕێی پشت تێکردنەوە، چونکە ئەوان لە بەرامبەر قڕکردنی جووەکاندا پاسیڤ بوون یان لە دۆخی فەرەنسادا و لە کاتی جینۆسایدی توتسییەکان لە ڕواندا سەیرکەر بوون. بارودۆخەکە وەك پێشوو نیــیە: جەنگی جینۆســـاید لە غەززە بە گڵۆپی سەوزی نوێنەرانی زلهێزەکانی ڕۆژئاوا بەڕێوەدەچێت. ئەوان هەموویان زیارەتی تەلئەبیبیــان کردووە و پشتیوانی خۆیان بۆ ئیسرائیل دووپات کردۆتەوە.

ئەمریکا بۆ دڵنیاکردنەوەی سوپای ئیسرائیل، دوو کەشتی فڕۆکەهەڵگری لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست جێگیر کردووە. هەمووان دووپاتی دەکەنەوە کە ئیسرائیل مافی خۆیەتی بە پێی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، بەرگری لە خۆی بکات [لە کاتێکدا ئیسرائیل دەیان ساڵە ئەو یاسایە پێشێل دەکات و ئاشــکرایە کە لە غەززەش ڕێزی لێنـــاگرێت]. ئیسرائیل بە پاڵپشتی سەربازی و دارایی ئەمریکا مامەڵە دەکات. وەك لە جەنگی ڤێتنامدا بینیـــمان خەڵك بە دژی جەنگ خۆپیشاندان دەکەن، چونکە دەزانن ئەمریکا دەسەڵاتی ئەوەی هەیە ئەم شەڕە بوەستێنێت. من پێم وایە قەبارەی گەورەی ناڕەزایەتییەکانی ئەمریکاش دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی ئاســتی هۆشیاری سەبارەت بە نایەکسانی و هەڵاواردنی ڕەگەزی کە لە سەرانسەری وڵاتدا و لە پاش بزووتنــەوەی Black Lives Matter پەرەی سەندووە.

لە فەرەنسا چەندین خۆپیشــاندان قەدەغە کراوە، بەڵام دژایەتی جەنگ زۆر بەربڵاوە. شایەنی باسە کە جیهانی باشوور نەك تەنها لەبەردەم باڵیۆزخانەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا، بەڵکو لەناو فەرەنساشدا خۆپیشـــاندان دەکەن. ڕاپۆرتەکانی کەناڵی جەزیرە گاڵتە بە ماکرۆن دەکەن، کە ڕۆژێك داوای هاوپەیمانیـــیەکی نێودەوڵەتی دژی حەماس و ڕۆژی دواتر داوای هاوپەیمانییەك دەکـــات بۆ هاوکاری مرۆیی، بەبێ ئەوەی هیچ کاتێـــك ئاماژە بەوە بکات کە کێ بەشێك دەبێت لەو هاوپەیمــانیانە و چۆن مامەڵە دەکەن و بە چ ڕێگایەك. پێدەچێت هەموو ئەمانە قسە فڕێدانێکی کوێرانە بێت و مایەی لاقرتیـــیە. ئەوانەی چاوەڕێیـان دەکرد فەرەنسا هەڵوێستێکی سەربەخۆتر و پڕ کەرامەتتر بگرێتە بەر، لە چەشــنی هەڵوێستی جــاك شیراك لە ســاتی جەنگی عێراقدا لە ساڵی ٢٠٠٣، تووشــی بێهیواییــەکی گەورە هاتوون.

 

میدیاپارت:

لە فەرەنسا، حزبی، [فەرەنســای سەربڵند La France Insoumise]، لەلایەن هەموو هێزە سیاسییەکانەوە بە ئەنتی سێمیتیزم تۆمەتبـــار دەکرێت. ئەم حزبە دوای ئەوەی ڕەتیکردەوە حەمــاس وەك ڕێکخراوێکی تیرۆریستی وەسف بکات، دەنگەکەی پەراوێز دەخرێــت. ئەم میکانیزمە چۆن دەبینیت؟

ئینزۆ تراڤێرسۆ:

ئەمە دیوارە دوکەڵێــکی گەورە و ئۆپەراســـیۆنێکی میدیـــاییە. جێی داخە ئەم کارەساتە بەکاربهێنین بۆ یەکلاییکردنەوەی حیســاباتی سیاسی. ئێمە دەتوانیـــن ڕەخنە لە هەڵوێستێك یان زیــاتری نوێنەرانی [LFI- هاوڕێــیانی پارتی کرێکاران لە ئیسرائیل]، کە تاکە هێزی سیاسی نوێنەرایەتی ناو ئەنجومەنی نیشتمانییە بگرین کە بە ڕوونی دژی ئەم جەنگــە بوون، بەڵام تۆمەتبارکردنیان بە ئەنتی ســێمیتیزم، پێــکەنینـــئامێزە.

بەڵام کاتێــك باس لە تیرۆر دەکرێت، هەندێــك شتی تاڕادەیەك سادە هەیە کە دەتوانین بیڵێیـــن. یەکەم: دووڕوویــیەکی نائاسایی لەلای وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەدی دەکرێت کاتێــك دانوستان لەگەڵ حەماس ڕەتدەکەنەوە، بەو پێــیەی کە ئەوان ڕێکخراوێکی تیرۆریستین، هاوکات داوای ئازادکردنی بارمتەکانیـــان لێ دەکەن! بەڵام لەگەڵ کێ ئەم دانوســتانە دەکرێت حەماس نەبێت؟

لە لایەکی ترەوە، حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمدا هەزار و ٤٠٠ کەسیان کوشت کە زیاتر لە هەزاریان خەڵکی ســیڤیل بوون. ئەمە کۆمەڵکوژییەکی خەڵکی ســیڤیل بوو کە پلانی بۆ دانرا و بەرپرســیارەتییەکەشی ڕاگەیەندرا. ئەوە ڕوونە کە ئەمە کردەوەیەکی تیرۆریستی بوو. بەڵام وەسفکردنی حەماس بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی کێشــەکە چارەسەر ناکات، چونکە حەماس ناتوانرێت لە پراکتیــزە تیرۆریســتییەکانیدا کورت بکرێتەوە. دەکرێت "تیرۆریزمی"ی حەماس بەراورد بکرێت بە تیرۆریزمی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین پێش ڕێککەوتننـــامەکانی ئۆسلۆ، یان تیرۆریزمی "ئیرگون" پێش لەدایکبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل، یان تیرۆریزمی بەرەی ڕزگاری نیشتمانی لە کاتی شەڕی جەزائیردا. پەنابردن بۆ کارگەلێـــك کە دەتوانرێت بە تیرۆریستی وەسف بکرێت، لەگەڵ ئامانجە سیاسییەکانی بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی ناجۆر نیــیە.

تیرۆر لە مێژوودا هەمیشە چەکی هەژاران و جەنگە ناهاوسەنگەکان بووە. پێنـــاسە کلاســیکییەکەی "پارتیــزان" زۆر هاوجووتە لەگەل حەماس: جەنگاوەرانێـــکی نـــاڕێکخراو بە پاڵنەرێکی ئایدیۆلۆژی بەهێزەوە، لە ناوچەیەك و لە ناو دانیشتووانێکدا دەژیــن و دەیانپارێزن. حەماس بارمتە دەبــات؛ سوپای ئیسرائیل لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیدا دیل دەگرێت و "زیانێکی لاوەکی" دەگەیەنێت. تیرۆریزمی حەماس ڕەنگدانەوەی تیرۆریزمی دەوڵەتی ئیسرائیلە. حەماس دەیەوێت ئیسرائیل لەناو ببات، بەبێ ئەوەی ئامرازەکانی ئەوەی هەبێت. ئیسرائیل؛ دوای ئەوەی ساڵەها حەماســی لە دژی ڕێکخراوی ئازادیخوازیی فەلەســتینی بەکار هێـــنا، دەیەوێت بە تەخت کردنی غەززە حەماس لەناوببــــات. لە کاتێکدا تیرۆریزم هیچ کاتێـــك جێگەی قبوڵ کردن نیــیە، بەڵام تیرۆریزمی ستەمکار زۆر لە تیرۆریزمی ستەملێکراو خراپترە.

ئەمڕۆ فەلەســـتینییەکان حەماس وەك هێزێکی چەکداری بەرەنگاری داگیرکاری دەناسن. ئێـمە بە پێی سـۆزداریی و ئاراســـتەی ئایدیۆلۆژیمـــان ئەو مافە بە خۆمـــان نادەین کێ بە بەرەنگــداریی فەلەســتینییەکان دیاری بکەین. من هیچ هاوسۆزییەکم بۆ حەماس نییــــە، بەڵام بەبێ گومــــان حەماس بەشێکی جیانەکراوەی بەرخۆدانی فەلەستینییەکانە. وە تەنیا لەسەر بنەمای ناسینی ئەم واقیعە ئەگەری هەیە چارەسەرێك بۆ ئەو قەیرانە بدۆزرێتەوە.

 

میدیاپارت:

پێش ٧ی ئۆکتۆبــەر وتت چەپێــك ئەگەر ڕەخنە لە زایۆنیزم نەگرێت، چەپــــێکی ڕەســەن نییە. مەبەستت لەم قسەیە چییە؟

ئینزۆ تراڤێرسۆ:

ئەگەر بتەوێت مێژووی زایۆنیزم بگێڕیتەوە، دەبێت فرەچەشنی و جیاوازییــەکانی ڕەوتە زایۆنیســتەکان لەبەرچاو بگریت، چونکە زایۆنیــزم بچووك ناکرێــتەوە تەنهــا بۆ تیۆدۆر هێرتزل و زایۆنیزمی سیاسی. بۆ نموونە لە ئەوروپای ناوەڕاســتدا، زایۆنیزمی کولتووریمان هەیە کە بانگەشەی دروستکردنی دەوڵەتێکی نەدەکرد بۆ جووەکان، بەڵکو بانگەشەکەی بۆ نیشتیمانێکی نەتەوەیی جوو بوو کە لەگەڵ عەرەبەکانی فەلەستین و لە دەرەوەی سنووری نیشتیمانی بەیەکەوە بژین؛ هەندێکی تریان بانگەشەیان دەکرد بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی "جووت نەتەوەیی". ئەمە هەڵوێستی "یەهودا ماگنێس"، دامەزرێنەری زانکۆی عیبری بوو لە قودس و پێش ئەویش "گێرشۆم سکۆلێم" و هەندێکی دیــکەیان. هەروەها زایۆنیزمێکی مارکسیستیش هەبوو کە "بێر بۆرۆخۆف" نوێنەرایەتی دەکرد و زایۆنیزمێکی فاشیستیشمان هەبوو کە سەرسام بوو بە مۆسۆلینی.

به ڵام ئەو زایۆنیزمه ی که له ئیسرائیلدا جێی خۆی قایم کرد و بوو به بڕبڕەپشتی ده وڵه ت، زایۆنیزمی سیاسی بوو. ئەم دەوڵەتە کە خۆی بە زایۆنیستی ناودەبات، لە سەرەتای لە دایکبوونیەوە و لە ژێر ســایەی هەموو حکومەتەکانیدا، سیاسەتی فراوانکردنی خاك و کۆلۆنیالیزمی لەسەر حسابی دەرکردن و جیــاکردنەوەی فەلەستینییەکان پەیڕەو کردووە. من پێموایە چەپی ڕاستەقینە دەبێت دژایەتی ئەم سیاسەتە بکات. مەبەستم لە دژە زایۆنیزم ئەمەیە.

زۆرێك لە جووەکان دژە زایۆنیستن. ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە ئەنتی ســێمیتیزم و لەناوبردنی دەوڵەتی ئیسرائیل و دەرکردنی جووەکان لە فەڵەســـتین نییە. نەتەوەیەکی ئیسرائیلی لەوێ بوونی هەیە کە زۆر زیندووە و لە جوڵەدایە و مافی بوونیشی هەیە، بەڵام باوەڕم وایە کە ئەم نەتەوەیە لەگەڵ ئەو قەوارە سیاسییەی کە ئەمڕۆ نوێنەرایەتی دەکات، هیچ داهاتوویەکی نیــیە. لە جیهانی سەدەی بیست و یەکەمدا، بوونی دەوڵەتێك جا لە فەلەســتین یان هەر جێگەیەکی دیکە، کە تەنهـــا لەسەر بنەمای نەتەوەیی و ئایینی دامەزرابێت، بۆ خۆی لادانێکە. ئەوەشی بۆ زیاد بکەم، ئەوانەی کە دەڵێن دژە زایۆنیزم جۆرێکە لە ئەنتی ســـێمیتیزم، یان ئەوەی کە حەماس دەیەوێت ئیسرائیل لەناوببـــات، ئەو کاتە ناووترێت کە بوونی ئیسرائیل لە ژێــر مەترسیدا بێت، بەڵکو ئەو کاتە دەووترێت کە ئیسرائیل خەریکی لە ناوبردنی فەلەستینییەکانە.

 

میدیاپارت:

بە درێژایی مێژوو؛ کۆلۆنیالیزم یان گەلە ڕەسەنەکانی لە ناو بردووە یان دەری کردوون. ئیسرائیل لە سەردەمی پۆســـت -کۆلۆنیالیزمدا دروست بووە. ئایا دەکرێت ئەو دەرئەنجامە جیـــاواز بێت؟

ئینزۆ تراڤێرسۆ:

من توانای پێشبینیکردنم نییـــە، بەڵام لە خراپترین "دەرئەنجام" دەترسم. دەیان ساڵە دۆخەکە تا دێت ترســناکتر دەبێت. مەرج نییە ئەو ئەزموونـــانەی مێژوو کە تا ئێســـتا بە دەست هاتووە، بۆ ئێســتا بخۆن، چونکە ئێمە چیتر لە جیهانی سەدەی بیستەمدا ناژین. زایۆنیزم فۆرمێکی بێهـــاوتای کۆلۆنیالیزمە، زۆر جیاوازە لە مۆدێلی بەریتانی لە هیندستان یان مۆدێلی فەرەنسی لە جەزائیر. هیچ کەســێك چیتر باوەڕی بە چارەسەری دوو دەوڵەتی نییە و بە لەبەرچاوگرتنی توندوتیژیی ململانێکان، بەزەحمەتی دەزانم چۆن دەوڵەتێکی دوو نەتەوەیی ئیسرائیل-فەلەستین سەرهەڵبدات. بەڵام ئەگەر لە ڕوانگەیەکی مێژووییەوە نەك ئێســتایی سەیری شتەکان بکەین، ئەوا هیچ ئەلتەرناتیڤێك بۆ پێکەوە ژیانی جووەکان و عەرەبەکان لە فەلەستین و لەسەر بنەمای مافی یەکسان بوونی نییە.

ئێمە لە ئەورووپا ڕووبەڕووی میراتی سەدە و نیوێك لە ڕەگەزپەرستی و کۆلۆنیالیزم دەبیـــنەوە، کە جێ پەنجەیـــان لە سەر عەقڵیەت و نوێنەرایەتی و تێڕوانین و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەجێهێشتووە. ئەمە تەنها لە هەڵبژاردنەکاندا بەدی ناکرێت، بەڵکو ڕۆژانە، لە ڕێی پشکنینین و دەستنیشانکردنی دەموچاوەکان لە میترۆکان- کامێرا، لە یاساکانی دژە ئیســـلامدا، لە مشتومڕەکانی پرسی کۆچدا و هتد بەدی دەکرێت. من ئەو بڕوایەم هەیە لە ناو ئیسرائیلدا، ڕەگەزپەرستییش بووەتە بەشێك لە ڕێکخستنی سروشتی شتەکان. خەڵك ڕاهاتوون لەسەر هەڵاواردنی ڕەگەزیی لە غەززە، ڕاهاتوون لەسەر دەستبەسەردا گرتنی زەوییەکانی کەناری ڕۆژئاوا و داخســتنی ڕێگەوبانەکان لە لایەن نیشتجێبووانەوە. ڕاهاتوون لەسەر خاڵی پشکنینەکان و ئۆپەراسیۆنی سەربازی سەرکوتگەرانە و هەراسانکردنی ڕۆژانە. لە دیوی ئەودیوی دیوارەکە ئەمە دەتوانێت تەنها هەستی وازهێــنان و بێهیوایی و زەلیلبوون و ڕق و کینە بەرهەم بهێنێت. من بڕوام وایە ئێمە دەبێت لە دژی ئەم خووگرتنە بجەنگین کە بەربەستێکی قورســە لەبەردەم هەر ڕوانگەیەکی ئاشـــتیانەدا.

 

سەرچاوە:

https://www.versobooks.com/en-gb/blogs/news/enzo-traverso-the-war-in-gaza-blurs-the-memory-of-the-holocaust?srsltid=AfmBOoowWk-ceGZL0oAf5aRvTtelYrJ0mUfSeq6Ub_OnBHW8XUS1xKaj

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×