دوای دو هەفتە لە گەڕان، تەرمی فەرماندەیەکی ئێران لە لوبنان دۆزرایەوە
  2024-10-11       587       

سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، دوای هەوڵ و گەڕانێكی زۆری 24 كاتژمێری، دواجار ئەمڕۆ تەرمی عەباس نیلفڕۆشان جێگری ئۆپراسیۆنەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە لوبنان دۆزرایەوە، كە لە هێرشەكەی ئێوارەی 27ی مانگی ڕابردوی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لەگەڵ حەسەن نەسروڵا ئەمیندارای گشتی حزبوڵای كوژران.

ئاوێنە: سوپای پاسدارانی ئێران ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، پاش هەوڵ گەڕانێكی زۆری 24 كاتژمێری، ئەمڕۆ تەرمی عەباس نیلفڕۆشان جێگری ئۆپراسیۆنەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە باشوری بەیروتی پایتەختی لوبنان دۆزرایەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، عەباس نیلفڕۆشان پێش دو هەفتە و لە هێرشێكی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیروت، لەگەڵ حەسەن نەسروڵا ئەمیندارای گشتی حزبوڵای لوبنان كوژران.

لە ڕاگەیاندراوەکەی سوپای پاسداران وردەکاری زیاتری لەبارەی دۆزینەوەی تەرمی عەباس نیلفڕۆشانەوە نەخستەڕو و تەنیا جەختی لەوە کردەوە کە دۆزینەوەی تەرمەکەی لە ئەنجامی "گەڕانی زۆری ڕۆژانە"وە بوە.

ئەوە لە كاتێكدایە ڕۆژی 27ی مانگی ڕابردو ئیسرائیل هێرشێكی ئاسمانی بۆ سەر بارەگایەكی سەرەكی حزبوڵای لوبنان لە باشوری بەیروتی ئەو وڵاتە ئەنجامدا، كە كۆبونەوەیەكی بەپرسانی باڵای ئەو حزبەی بە ئامانج گرت و تێیدا حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتی حزبەكە كوژرا لەگەڵ ژماریەك كەسی دیكەدا، كە عەباس نیلفڕۆشان یەكێك بو لەوانە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×