بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2024 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە سەردانێکی فەرمی سەردانی ریازی پایتەختی سعودیە بکات.
بەگوێرەی باڵیۆزخانەی ئێران لە سعودیە، وەزیری دەرەوەی ئێران چاوی بە هاوتا سعودیەکەی و بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە دەکەوێت، جگە لە دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و دۆخی فەڵەستین و لوبنان، پرسی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی لە دیارترین تەوەری گفتوگۆی نێوان عێراقچی و بەرپرسانی سعودیە دەبێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران پێشتر رایگەیاندبوو، سیاسەتی ئێران پشتیوانیکردنە لە گرووپی مقاوەمە و لەو سیاسەتە لانادەن، دەشڵێت، دووپاتی دەکەنەوە، ئێران لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکانی ناوچەکە نییە، بەڵام بۆ هەموو سیناریۆیەک ئامادەیە و هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەش لە ئامادەباشیدان.
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە دوایین سەردانی بۆ لوبنان و سووریا و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵات رایگەیاندبوو، ئێران بە هەموو توانایەوە پاڵپشتیی گرووپی مقاوەمە دەکات.
هەرچەند بڕیاربوو دوێنی ئێوارە 8ی تشرینی یەکەمی 2024 عێراقچی سەردانی ریاز بکات، بەڵام گەشتەکەی دواخست بۆ ئەمڕۆ 9ی تشرینی یەکەمی 2024.