وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیكردن لە حزبوڵای لوبنان و شیعەكانی ئەو وڵاتە و گەلەكەی، هەروەها دەشڵێت، هێرش ناكەنەوە سەر ئیسرائیل، بەڵام ئەگەر ئەو وڵاتە هەر هەنگاوێك دژیان بگرێتەبەر، ئەوان وەڵامی توندی دەدەنەوە.
ئاوێنه: عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ هەینی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دوای كۆبونەوەی لەگەڵ نەبیە بێری، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان ڕایگەیاند، "هاتومەتە بەیروت بۆ دەربڕینی پشتیوانی و هاوسۆزی تەواوی ئێران لەگەڵ حکومەت و گەلی لوبنان و وڵاتەكەی بە تەواوی پشتیوانی لە هەوڵەکانی لوبنان دەکات بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تاوانەکانی ئیسرائیل".
ئاماژەی بەوەشكرد، گفتوگۆی باشی لەگەڵ نەجیب میقاتی سەرۆك وەزیرانی لوبنان و نەبیە بێری سەرۆكی پەرلەمان کردوه و بیروڕایان لەسەر ڕوداو و پێشهاتەکانی ئەم دواییەی لوبنان ئاڵوگۆڕ کردوه.
وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەشكرد، دڵنیان کە تاوانەکانی ئیسرائیل وەک چۆن لە ڕابردودا شکستیان هێناوە، ئەمجارەش شکست دەهێنن و گەلی لوبنان بە سەرکەوتویی دەردەچن، ئێرانیش وەک هەمیشە لەگەڵ حزبوڵا وەستاوە و پشتگیری لە شیعەکانی لوبنان و گەلی لوبنان دەکات.
ئەوەشی خستەڕو، هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، بەرگرییەکی ڕەوای خۆی بو کە لەسەر بنەماکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتوەکان دامەزرا و وڵاتەكەی لە هێرشەكەدا تەنیا ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکانی ئەو قەوارەیەی کردوەتە ئامانج".
عەباس عێراقچی ڕونیكردەوە، وڵاتەكەی هیچ پلانێکی نییە بۆ بەردەوامبون، ئەگەر ئیسرائیل بڕیاری بەردەوامبونی هێرشەکانی نەدات، هەروەها دەڵێت، "ئەگەر قەوارە ئیسرائیلییەکە هەر هەنگاوێک لە دژی ئێمە بنێت، وەڵامەکەمان بەهێزتر دەبێت".